دژی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار خۆپیشاندان دەکرێت

kurdistan24.net

K24 – بەغدا

بڕیارە ئەمڕۆ لە بەغدا دژی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی لە بەردەم بانکی ناوەندی خۆپیشاندان بەڕێوەبچێت.

دیلان بەرزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، ژمارەیەک لە چالاکوان بڕیاریانداوە ئەمڕۆ لەبەردەم بانکی ناوەندی دژی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار خۆپیشاندان بکەن، بۆ ئەم مەبەستەش لە دوێنێوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بانگەشەیان دەستپێکردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، رێکخەرانی خۆپیشاندانەکە ژمارەیەکیان لایەنگرانی رەوتی سەدرن، ئەوانی دیکەش تشرینییەکانن، چەند گرووپێکیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دروستکردووە و راگەیەندراوێکی هەشت خاڵیان بڵاوکردووەتەوە و لە خاڵێکی راگەیەندراوەکەدا داوا لە سەرجەم هاووڵاتییانی شار و شارۆچکەکانی عێراق کراوە بەشداری لەو خۆپیشاندانە بکەن، چونکە دابەزینی بەهای دیناری عێراقی پەیوەندی بە ژیان و گوزەرانی هەمووانەوە هەیە.

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا لەوبارەوە راگەیەندراوێکیان بڵاوکردووەتەوە تێیدا ئاماژەیان بەوەکردووە، ئامادەکاری تەواویان کردووە بەتایبەتی لە دەوروبەری بانکی ناوەندی. ئەوەشیان خستووەتەڕوو هیچ رێگایەک داناخەن، بەڵام لە کاتی فراوان بوونی خۆپیشاندانەکە ئەگەر پێویست بکات بۆ پاراستنی گیانی خۆپیشاندەران، رەنگە چەند رێگایەک دابخەن.

ئەمە لە کاتێکدایە حکومەتی عێراق رایگەیاندووە، رێکارەکانیان بۆ دابەزینی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی دەستپێکردووە، رۆژی 23ی ئەم مانگە محەممەد شیاع سوودانی پارێزگاری بانکی ناوەندی لە کارەکەی دوورخستەوە، لەگەڵ ئەو بڕیارە کەمێک بەهای دۆلار دابەزی، بەڵام رۆژی دواتر جارێکی دیکە بەرزبووەوە.

.
.
.