سەگێک بە گوللـە پیاوێک دەکوژێت

سەگ
سەگ

K24 - هەولێر:

سەگێک لەنێو ئۆتۆمبێلی راوچییەکدا پەلی بەر چەکێک دەکەوێت و بەهۆیەوە گوللـەیەک بەر راوچیەکە دەکەوێت و، راوستەوخۆ لەوێدا گیان لەدەستدەدات.

ئاژانسی هەواڵیی فرانس پرێس، لە زاری پۆلیسی ئەمەریکاوە بڵاویکردەوە، سەگەکە لەبەشی پشتەوەی ئۆتۆمبێلی راوچیەکە بووە، کە هەر لەوێدا کەلوپەلی راو و چەکێک هەبووە، بەهۆی ئەوەی سەگەکە پەلی بەر چەکەکە کەوتووە، گوللـەیەک لە چەکەکەوە دەرچووە و بەر راوچییەکە کەوتووە.

ئاماژە بەوەشدرا، قوربانییەکە پیاوێکی تەمەن 30 ساڵانە و لەکاتی رووداوەکەدا راستەوخۆ گیانی لەدەستداوە.

لێکۆڵینەوەکان لە رووداوەکە بەردەوامن و بەگوتەی پۆلیس، کەیسەکە پەیوەندی بە چەک و کەرەستەی راوکردنەوە هەیە.

لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ژمارەیەکی زۆر چەکی سووک و قورس هەیە، بەجۆرێک لەو وڵاتە ژمارەی چەک لە ژمارەی دانیشتوان زیاترە، بەتایبەتی لە ناوچە گوندنشینەکان.