وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوەی ئەڵمانیا سەردانی هەولێر و بەغدا دەکات

K24 – هەولێر:

تۆباس لیندنەر، وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوەی ئەڵمانیا بریاڕە بە سەردانێکی سێ رۆژە بگاتە عێراق و هەرێمی کوردستان.

بە گوێرەی بەیانامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، بڕیارە سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە نێوان رۆژانی سێشەمە بۆ پێنجشەمەی ئەم هەفتەیە دەبێت.

لە میانی سەردانەکەیدا، لیندنەر بڕیارە چاوی بکەوێت بە گەورە بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و رێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان.

وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوەی ئەڵمانیا هەروەها چاوپێکەوتنی دەبێت لەگەڵ رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و سەردانی کەمپێکی ئاوارەکان دەکات لە هەرێمی کوردستان کە لەلایەن ئەڵمانیاوە هاوکاری دەکرێت.

تۆباس لیندنەر لەبارەی سەردانەکەیەوە رایگەیاند، یەکێک لە پرسە سەرەکییەکانی سەردانکەی پشتگیریەکانی ئەڵمانیایە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان لە داهاتوودا.

بارودۆخی ئەمنی و سیاسی ناوچەکە، دوو تەوەری دیکەن کە وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوەی ئەڵمانیا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان و عێراق تاووتوێیان دەکات.

لیندنەر هەروەها چاوی دەکەوێت بە بەرپرسانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش و نێردەی ناتۆ لە عێراق.