گۆڕینی پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق کاردانەوەی لێده‌كه‌وێته‌وه

مستەفا غالب پارێزگاری پێشووی بانکی ناوەندی عێراق
مستەفا غالب پارێزگاری پێشووی بانکی ناوەندی عێراق

K24 - هەولێر

گۆڕانکاری لە پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق، لەلایەن محەممەد شیاع سوودانییەوە کاردانەوەی لێکەوتەوە، بەشێک لە پەرلەمانتارانی عێراق گۆڕانکارییەکە بە نادەستووری ناودەبەن، بەو پێیەی تەنها پەرلەمان دەتوانێت متمانە لە پارێزگاری بانکی ناوەندی وەربگرێتەوە، لە پاش پڕۆسەی ئازادیی عێراقەوە لە ساڵی 2003ـەوە بانکی ناوەندی عێراق چوار پارێزگاری هەبووە.

نزیکەی دوو مانگە بەهای دیناری عێراق بەرامبەر دۆلاری ئەمەریکی ناجێگیرە، بەجۆریک بەهای 100 دۆلار گەیشتووەتە 165 هەزار دیناری عێراقی و دواتر دابەزیوە، ئەوەش وایکردوو نرخی شتومەک بەتێکڕا %10 بەرزببێتەوە، ئەم ناجێگیرییە وایکرد محەممەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق 23ی ئەم مانگە مستەفا غالب پارێزگاری بانکی ناوەندی لە پۆستەکەی دووربخاتەوە و عەلی موحسین عەلاق لەجێگای دابنێ، بەڵام ئایا دوورخستنەوەی پارێزگار بانکی ناوەندی کاریگەری دەبێت لەسەر گەڕاندنەوەی بەهای دینار بۆ ئەو نرخەی بانکی ناوەندی دایناوە؟.

بانکی ناوەندی عێراق کە لە ساڵی 1947 دامەزراوە، کۆمەڵێک ئەرکی هەیە کە بریتین لە: کۆنترۆڵکردنی سیستەمی نەقدی و کۆنترۆڵکردنی نرخی دراوەکان لە بازاڕە ناوخۆییەکان لەگەڵ بەهێزکردنی سیستەمی دارایی.

چاودێران باس لەوەدەکەن، گۆڕانکاری لە پارێزگاری بانکی ناوەندی کاریگەرییەکی ئەتۆی نابێت لەسەر جێگیرکردنی بەهای دینار، بەو پێیەی بانک خاوەنی دەستەیەکی بەڕێوبردنە کە لە 9 کەس پێکهاتوون و پارێزگاریش یەکێکە لەوان و دوو جێگری هەیە.

عێراق لە دوای پرۆسەی ئازادییەوە لە ساڵی 2003 چوار جار پارێزگاری بانکی ناوەندی گۆڕیوە. عەلی عەلاق لە ساڵی 2014 پۆستەکەی وەرگرت تا ساڵی 2020، دواتر مستەفا کازمی عەلی عەلای لادا و موستەفا غالبی لە جێگەی دانا، لە کۆتایشدا محەمەد شیاع سوودانی مستەفا غالبی لە کارەکی دوورخستەوە و جارێکی دیکە عەلی عەلاقی کردەوە بە پارێزگاری بانکی ناوەندی.

بەشێک لە رەخنەگرانی حکومەتەکەی سوودانی باس لەوەدەکەن، لابردنی پارێزگاری بانکی ناوەندی لە پۆستەکەی نایاساییە و پارێزگار تەنیا لەبەردەم پەرلەماندا بەرپرسە و تەنیا پەرلەمانیش دەتوانێت متمانەی لێوەرگرێتەوە، باس لەوەشدەکەن، ناجێگری بەهای دۆلار پەیوەندی بە سەپاندنی رێکارەکانی ئەمەریکاوە هەیە نەک خودی پارێزگاری بانکی ناوەندی.