ئۆپێک پڵەس تاوتوێی بڕی بەرهەمهێنان دەکات

سەرەڕای زۆربوونی خواست لەلایەن چینەوە پێشبینی دەکرێت ئاستی بەرهەمهێنان وەک خۆی بهێڵێتەوە

K24 - هەولێر

بڕیارە لە سەرەتای مانگی داهاتوو هاوپەیمانی ئۆپێک پڵەس کۆببێتەوە و بڕیار لەسەر بڕی بەرهەمهێنان بدەن، بەڵام شرۆڤەکاران پێشبینی دەکەن کە ئاستی بەرهەمهێنانی هاوپەیمانێتییەکە وەک خۆی بمێنێتەوە.

سکرتێری گشتی ئۆپێک لە سەرەتای ئەم مانگەدا رایگەیاندبوو، گەشبینە بەرامبەر بە ئابووری جیهانی، لای خۆیەوە شازادە عەبدولعەزیز بن سەلمان وەزیری وزەی سعوودیە مانگی رابردوو پێداگری لەسەر ئەوە کرد کە ئۆپێک پڵەس "چالاک و وریا دەبێت" بۆ ئەوەی بازاڕەکان بەهاوسەنگی بمێننەوە.

نوێنەرانی ئۆپێک پڵەس ئاماژەیان بەوەداوە، پێشبینی دەکەن لیژنەی راوێژکاری وەزاری لە کۆبوونەوەی هەفتەی داهاتوودا پێشنیاری راگرتنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت وەک خۆی بهێڵنەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە خواستی جیهانی بۆ ماوەیەکی کاتی بەرزبووەتەوە.

سعوودیە و هاوبەشەکانی لە سەرەتای مانگی شوباتدا پێداچوونەوە، بە ئاستی بەرهەمهێنان دەکەن، دوای ئەوەی لە کۆتایی ساڵی رابردوودا رێککەوتن لەسەر کەمکردنەوەی بەرچاو بۆ پاراستنی هاوسەنگی بازاڕەکانی نەوتی جیهانی.

 نوێنەرانی ئەو گرووپە بە شێوەیەکی رایانگەیاندووە، پێشبینی دەکەن لیژنەی وەزاری پارێزگاری لە دۆخی ئێستا بکات، لەکاتێکدا چاوەڕێی روونکردنەوەیەکی زیاتر دەکەن سەبارەت بە بوژانەوەی بەکاربردن لە چین و کاریگەرییەکانی سزاکان لەسەر نەوتی رووسیا.

لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا نرخی نەوت لە جیهاندا بۆ نزیکەی 90 دۆلار بەرزبووەتەوە، ئەمەش بەهۆی سووککردنی رێکارەکانی خۆپارێزی لە پەتای کۆرۆنا لە چین و بەکارکەوتنەوەی بەشێکی بەرچاوی کارگەکان، بەڵام هێشتا رێگای چاکبوونەوەی یەکجارەکی نادیارە، ئەمەش وایکردووە رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت و هاوپەیمانەکانی لە چاودێریدا بمێننەوە.

هاوکات ئۆپێک چاوەڕێی ئەوە دەکات کاریگەری تەواوی سزاکانی یەکێتی ئەوروپا لەسەر رووسیا کە ئەندامی هاوپەیمانییەکەیە ببینێت.

رەعد عەبدولقادری، شرۆڤەکاری گرووپی ئۆراسیا کە کۆمپانیایەکی راوێژکارییە، لە راپۆرتێکدا باسی لەوەکردووە، پێدەچێت ئەگەری ئەوە زیاتر بێت کە ئۆپێک پڵەس ئاستی بەرهەمهێنان وەک خۆی بپارێزێت، تەنانەت دوای کۆبوونەوەی داهاتووش، چونکە ئاستێکی گەورەی نادڵنیایی لە دابینکردن و داواکاریدا زاڵە.

هەیسەم ئەلغایس سکرتێری گشتی ئۆپێک لە سەرەتای ئەم مانگەدا رایگەیاندبوو "بە وریاییەوە گەشبینە" بەرامبەر بە ئابووری جیهانی، چونکە بوژانەوە سەرهەڵدەدات لە چین و کاریگەری لاوازی ئابوورییە پێشکەوتووەکان کەمدەکاتەوە.

ئێستا هەموو ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن کە سعوودیە هەوڵدەدات پابەند بێت بە سیاسەتی خۆپارێزییەوە، بۆ ئێستا و سنووردارکردنی بەرهەمهێنان لە شوێنی خۆیدا بهێڵێتەوە، تا ئەو کاتەی ئاماژەیەکی روون دەبێت سەبارەت بە خواستی جیهانی لەسەر نەوت.