وەزیری بەرگری سوید بۆ کوردستان24: لە دانیشتنی پەرلەمانی ئەوروپا چەندین پرسی ئەمنیمان تاووتوێكرد

پاڵ جۆنسۆن وەزیری بەرگری سوید
پاڵ جۆنسۆن وەزیری بەرگری سوید

K24 - بارزان حه‌سه‌ن/ برۆکسل:

ئەمڕۆ (چوارشەممە 25ـی كانوونی دووه‌م / یه‌نایه‌ری 2023)، پاڵ جۆنسۆن وەزیری بەرگری سوید بانگهێشتی لیژنەی بەرگری و ئاسایش لە پەرلەمانی ئەوروپا کرا، لەلایەن پەرلەمانتارانەوە چەندین پرسیاری ئاراستەکرا.

دوای کۆبوونەوەکە، پاڵ جۆنسۆن وەزیری بەرگری سوید، لە لێدوانێکی تایبەت بۆ کوردستان24، ناوەرۆکی کۆبوونەوەکه‌ی ئاشکراکرد و رایگەیاند، له‌ دانیشتنه‌كه‌دا چەندین پرسی گرنگ گفتوگۆکران، لەوانە، بەهێزکردنەوەی ئەوروپا، ئاسایشی وڵاتان، مەترسی هەڕەشەی ئەلیکترۆنی و سێیەم رێکەوتنی نێوان ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا.

کۆبوونەوەکە لەلایەن ناتالی لویس سەرۆکی لیژنەی بەگری و ئەمن و ئاسایش سەرپەرشتی دەکرا، ناوبراو هەفتەی رابردوو لە لێدوانێکی تایبەت بۆ کوردستان 24 رایگەیاندبوو، شەڕی دژی داعش کۆتایی نەهاتووە و پەرلەمانی ئەوروپا ئەو پرسە هەمیشە بەگرنگ دەزانێت.