تیروپشكی خولی نهتهوهكانی ئهورووپا راكێشرا
تیروپشکی قۆناغی پێشکۆتایی نەیشنلیگ راکێشرا و لەم قۆناغە هۆڵەندا رووبەڕووی کڕواتیا دەبێتەوە و ئیسپانیا و ئیتاڵیاش بەرامبەر یەکتر یاریی دەکەن، بڕیاریشە یاریەکان لە ناوەڕاستی مانگی شەش ئەنجام بدرێن.
هەریەکە لە هەڵبژاردەکانی ئیسپانیا و کڕواتیا و ئیتاڵیا و هۆڵەندا دوای ئەوەی پێشەنگی کۆمەڵەکانیان گرت لە قۆناغی داهاتوو رکابەریی یەکتر دەکەن.
لە ئەنجامی تیروپشکەکە هەڵبژاردەی هۆڵەندا و کڕواتیا بەریەک دەکەن، ئەم دوو هەڵبژاردەیە لە چواردەی مانگی شەش لە یاریگای دۆ کویپ لە رۆتێردام بەیەک دەگەن.
لە یارییەکی دیکەی قۆناغی پێشکۆتایی، هەڵبژاردەکانی ئیسپانیا و ئیتاڵیا لە 15ـی مانگی 6ـی ئهمساڵ رووبەڕوو دەبنەوە، بڕیارە یارییەکانی پێشکۆتایی و کۆتایی لە هۆڵەندا بکرێن، کە یارییەکانی پیشکۆتایی لە یاریگەی دۆ کویپە لە رۆتێردام و یاریی کۆتاییش لە یاریگای دێ ڤێستی تایبەت بە یانەی توێنتی ئەنجام دەدرێت، بڕیاریشە یاریی کۆتایی و دیاریکردنی پلەی سێیەم لە 18 یۆنیۆ بەڕێوەبچێت.
هۆڵەندا و کڕواتیا دووجار رووبەڕوو بوونەتەوە و هەریەکەی سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە.
لەبەرامبەردا ئیسپانیا و ئیتاڵیا 39 یارییان بەرامبەر یەکتر کردووە و دوایینیشیان لە پێش کۆتایی یۆرۆی 2020 بوو.
ئیسپانیا لە 14 یاریی سەرکەوتنی بەدەست هێناوە و 12 یاریشی بەرامبەر ئیتاڵیا دۆڕاندووە، هەردوو هەڵبژاردەش لە 13 یاریی یەکسان بوونە.
هیچ یەکێک لەم چوار هەڵبژاردەیەی پێشکۆتایی نەیانتوانیوە ببنە پاڵەوانی نەیشنلیگ، هۆڵەندا لە 2018-2019 لە یاریی کۆتایی دۆڕا و ئیسپانیاش لە 2020-2021 لە یاریی کۆتایی تووشی شکست بوو.