وه‌زیری ده‌وڵه‌تی ئه‌ڵمانیا بۆ كاروباری ده‌ره‌وه‌ گه‌یشته‌ هه‌رێمی كوردستان

دیمه‌نێكی پێشوازییه‌كه‌
دیمه‌نێكی پێشوازییه‌كه‌

K24 – هه‌ولێر:

تۆبیاس لیندنه‌ر، وه‌زیری ده‌وڵه‌تی ئه‌ڵمانیا بۆ كاروباری ده‌ره‌وه‌، به‌ سه‌ردانێكی فه‌رمی گه‌یشته‌ هه‌ولێری پایته‌خت.

له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر، شاندی ئه‌ڵمانیا له‌ لایه‌ن سه‌فین دزه‌یی، به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێشوازییان لێكرا.

بڕیاره‌ لیندنه‌ر، ئه‌مشه‌و له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كۆببێته‌وه‌.

هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ هه‌ولێر، سبه‌ی شاندی ئه‌ڵمانیا به‌ سه‌رۆكایه‌تی تۆبیاس لیندنه‌ر، له‌گه‌ڵ مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كۆده‌بێته‌وه‌.

دوای پێشوازییه‌كه‌ له‌ لێدوانێكدا بۆ كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن، سه‌فین دزه‌یی، رایگه‌یاند، به‌خێرهاتنی وه‌زیر ده‌كه‌ین به‌ مه‌به‌ستی گفتوگۆی زیاتر له‌ باره‌ی ره‌وشی عێراق و په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌ڵمانیا و هه‌رێمی كوردستان.

گوتیشی: سوپاسگوزاری ئه‌ڵمانیاین بۆ ناساندنی جینۆسایدی ئێزدییه‌كان و سووپاسی به‌ڕێزیان ده‌كه‌ین.