ناجێگیری بەهای دۆلار عێراق بەرەو قۆناغێکی نوێ دەبات

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

شرۆڤەکارانی سیاسی رایدەگەیەنن، محەممەد شیاع سوودانی ناتوانێت پابەندی مەرجەکانی ئەمەریکا بێت بۆ رێگری لە چوونە دەرەوەی دۆلار، ئەمەش دەبێـتە هۆی گۆڕانکاری لە عێراق کاریگەری ئەم گۆڕانکارییە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە پسپۆران هۆکاری پابەند نەبوونی سوودانی بۆ فشاری ئێران دەگێڕنەوە.

مامەڵەکارانی بازاڕی دراو و هاووڵاتییان، چاوەڕێی ئەو رێککەوتنەی ئەمەریکا و عێراقن لە بارەی رێکخستنەوەی فرۆشتنی دۆلار.

سەعدی عەلی، مامەڵەکاری دراو لە بازاڕی دراوی هەولێر دەڵێت: "پێموایە ئەم دۆخە بەردەوام دەبێت، تا عێراق و ئەمەریکا نەگەنە رێککەوتن، لە ئەنجامی بەردەوامبوونی ئەم دۆخەش هاووڵاتییان زەرەرمەند دەبن".

عێراق و ئەمەریکا لە گفتوگۆدان بۆ رێککەوتن،  چاوەڕوان ده‌كرێت ئه‌و رێككه‌وتنه‌ش گۆڕانکاری لە فرۆشتنی دۆلاردا بكات. پسپۆرێکی لێکۆڵینەوە و ستراتیژی دەڵیت: سوودانی ناتوانێت پابەندی رێککەوتن ببێت لەگەڵ ئەمەریکا، هۆکارەکەش ئێران و چینن لە بەرامبەردا قەیرانەکە سەر بۆ خۆپیشاندان و قەیرانی سیاسی دەکێشێت.

عوسمان عەلی، سەرۆکی سەنتەری تاسک بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی بە کوردستان24ی گوت: "ئەم بارودۆخە زۆر قورس دەبێت بەتایبەتی بۆ شەقام، چاوەڕوان دەکرێت لایەنگرانی سەدر بگەڕێنەوە سەر شەقامەکان، چونکە زۆربەی کاڵاکان لە دەرەوە دەهێنرێت، ئەگەر ئەو دۆخە بەردەوام بێت ژیان و گوزەرانی خەڵک زۆر قورس دەبێت".

کاریگەری  بە رزبونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار رۆژ دوای رۆژ دەردەکەوێت و عێراق بەرەو قۆناغێکی نوێی دەبات، کە کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستانیش دەبێت، هەرێمی کوردستان دەبێت خۆی بۆ ئەو گۆڕانکارییە ئامادە بکات ئەگەر حکومەتەکەی سودانی پابەندی داواکارییەکانی ئەمەریکا نەبێـت، قەیرانی سیاسی و ئابووری له‌ عێراق بەڕێوەیە.

ساڵح مەلا عومە، شڕۆڤەکاری سیاسی دەڵێت: "زۆر زەحمەتە کابینەی نوێی حکومەتی عێراق بتوانێت، واز لە پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ ئێران بهێنێت و رەنگە بەردەوام بن".

بەهۆی سپیکردنەوەی دۆلار، ئەمەریکا دۆلاری کەم بۆ عێراق دەنێرێت، بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە ئەمەریکا داوا لە عێراق دەکات بە رێگەری سیستەمی بانکی رێگری بکات لە سپیکردنەوەی پارە، بە جێەجێکردنی داواکارییەکانی ئەمەریکا یان جێبه‌جێ نه‌كردنی عێراق بەرەو قوناغی نوێ دەبات.