پشتیوان سادق: شەممە پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە

K24 - هەولێر:

پشتیوان سادق، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، رۆژی شەممە 28ـی کانوونی دووەم، پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە.

پشتیوان سادق کە ئێستا وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینیە، لەبارەی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ژمارەیەک کۆبوونەوە و دانیشتن پێویستە، مەرج نییە بە یەک دانیشتن کێشەکان چارەسەر ببێت.

گوتیشی: بێگومان ئەوە بەو مانایە نایەت، کێشەکان هێندە گەورەبن، کە چارەسەر نەکرێن.

سەبارەت بە گۆڕانکارییەکان لە ئاستی حکومەت و پەرلەمان، پشتیوان سادق ئاشکرایکرد، کە ئەگەر دانیشتنی پەرلەمان بکرێت، وەزیرە نوێیەکان و ژمارەیەک ئەندام پەرلەمانیش دەستلەکاردەکشێنەوە.

سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمان، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی رایگەیاند، ناکرێت حزبەکان هەڵبژاردنی پەرلەمان رابگرن، بەهۆی ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنەوە زیانێکی زۆر بەر دیموکراسی هەرێمی کوردستان کەوتووە.