دەمیرتاش: ئەردۆغان بە هەڵبژاردن هاتووە و بە هەڵبژاردنیش دەڕوات

K24 - هەولێر

 سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە رایدەگەیەنێت: ئەردۆغان بە هەڵبژاردن هاتووەتە سەر دەستەڵات و دوای چوار مانگی دیکە بە هەڵبژاردن دەڕوات.

لە وەڵامی پرسیارێکی گۆڤاری دێرشپیگڵی ئەڵمانی سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە دەڵێت: "ئەردۆغان بە هەڵبژاردن هاتووەتە سەر دەستەڵات و دوای چوار مانگی دیکە بە هەڵبژاردن دەڕوات، کەسانێک ئەنجامی هەڵبژاردن نەناسن و هەوڵبدەن کودەتا بکەن بەسەر دەستەڵاتدا، خەڵکیش ئەوان ناناسێت و کۆشکەکەیان بەسەردا هەڵدەوەشێننەوە".

ئەمە لەکاتێکدایە ئەردۆغان رایگەیاندووە، 14ـی ئایار/مایۆی 2023، هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی و په‌رله‌مانی له‌ توركیا به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

لە سەروبەندی دیارکردنی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا، هەڕەشەی داخستنی هەدەپە دەکرێت و دادگای دەستووری تورکیا لە 5/1/2023 دادگای ده‌ستووری توركیا بڕیاریدا هاوكارییه‌ داراییه‌كانی گەنجینە‌ بۆ هه‌ده‌په‌ رابگیرێن، هاوكات سه‌رۆكایه‌تی دادگای باڵای توركیا له‌ 17ی ئاداری ساڵی 2021 پرسی داخستنی هه‌ده‌په‌ی جوڵاند و داوایكرد، كاری سیاسی له‌ 451 سیاسه‌تمه‌داری هه‌ده‌په‌ قه‌ده‌غه‌ بكرێت، بەڵام ماوەی مانگێک بە هەدەپە دراوە تا لە رێگەی پارێزەرەکانیان بەرگری لە خۆی بکات.

بڕیاریشە ئەمڕۆ دادگای دەستووری تورکیا بۆ بڕیاردان لەبارەی داخستنی هەدەپە کۆببێتەوە.

سەڵاحەدین دەمیرتاش لە ساڵی 2016ـەوە بە تۆمەتی هاوکاریکردنی پەکەکە لە گرتووخانەی ئەدیرنە زایندانیکراوە. دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا لە ساڵی 2020 بڕیاری ئازادکردنی بۆ دەرکردبوو، بەڵام رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا دژی بڕیارەکە وەستایەوە و رایگەیاند، ئەوان پابەندی بڕیارەکە نابن.