حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی مووچە دڵنیایی دەدات

جووتیار عادل گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان
جووتیار عادل گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران دڵنیایی دەدات.

جووتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "خەڵکی خۆمان دڵنیا دەکەینەوە، وەکچۆن پێشتر نزیکەی زیاتر لە چواردە مانگ، حکومەتی عێراق تەنیا دوو جار 200 ملیار دیناری ناردووە، ئێمە بەردەوام مووچەمان دابەشکردووە، ئەوەی لە توانای حکومەت دابێت لە رووی داراییەوە تەرخانی دەکات بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان".

گوتیشی: "حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بەپێی ئەو توانا داراییەی هەیە و بەردەوام دەبێت لە دابەشکردنی مووچە".

جووتیار عادل، لە لێدوانێکیدا لەبارەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی دەڵێت: "بەداخەوە ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی پشت بە هیچ بنەمایەکی دەستووری نابەستێت، نەک تەنیا دژی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستانە، بەڵکو دژی بەرژەوەندییەکانی هەموو خەڵکی عێراقە، وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئەو بڕیارەمان رەتکردووەتەوە".