رادیۆی BBC عەرەبی دوای 85 ساڵ له‌كاركردن پەخشی رادەگیرێت

لۆگۆی بی بی سی
لۆگۆی بی بی سی

K24 – هه‌ولێر:

رادیۆی BBC عەرەبی دوای 85 ساڵ له‌كاركردن، پەخشەکەی رادەگیرێت، تۆڕی هەواڵی بی بی سی بەریتانی هۆکاری راگرتنی پەخشی رادیۆی BBC عەرەبی بۆ قەیرانی دارایی گەڕاندەوە، رادیۆی بی بی سی عەرەبی بەهۆی رووماڵی رووداوەکانی سەدەی رابردوو، پێگەیەکی دیاری لە یادەوەری دانیشتوانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی عەرەبیدا هەیە.

دەستەی بەڕێوه‌بەرانی تۆڕی هەواڵی BBC بەریتانیا بڵاویکردوە، رادیۆی BBC عەرەبی، یەکێکە لە کۆنترین سەرچاوەکانی هەواڵ لە جیهانی عەرەبیدا، دوای 85 ساڵ لە خزمەتی بەردەوام، پەخشەکەی رادەگرێت.

دەستەی بەڕێوبەرایەتی BBC، راگرتنی پەخشی عەرەبی بە رۆژێکی خەمناک وەسف ده‌كه‌ن و هۆکاری راگرتنەکەشیان گەڕاندەوە بۆ ئەو قەیرانە داراییەی رووی لە تۆڕەکە کردووە، لەرێگەی داخستنی رادیۆی BBC عەرەبیشەوە، تۆڕەکە مانگانە 28 ملیۆن پاوەندیان بۆ دەگەڕێتەوە.

سەرباری داخستنی پەخشی رادیۆی BBC عەرەبی، ئیداره‌ی ئه‌و ده‌زگایه‌ ئاماژەیان بەوەدا، پەخشەکەیان لە پێگە ئەلیکترۆنییەکان بەردەوام دەبێت و هەوادارانی تۆڕەکە دەتوانن لەرێگەی وێبسایت و یوتوبەوە لەگەڵیان بەردەوامبن.

BBC، لە یادەوەری گوێگرانی عەرەب و تەنانەت کوردیش پێگەیەکی تایبەتی هەیە، بە تایبەت لە ساڵانی هەشتاکان و نەوه‌دەکان، لەو کاتەی رادیۆی BBC عەرەبی لەرێگەی هەواڵەکانییەوە جەنگی عێراق و ئێرانی بۆ خەڵک و پاشان داگیرکردنی کوەیت و پرۆسەی ئازادی عێراقی دەگواستەوە، ئەوکات خەڵکی عێراق بەهۆی خراپی دۆخی ئابووری توانای کڕینی تەلەفزیۆنیان نەبوو، ناچار لەرێگەی BBC عه‌ره‌بی گوێبیستی هەواڵەکان دەبوون.

رادیۆی BBC عەرەبی لەساڵی 1938 وە دەستی بە پەخشکردووە، لەماوەی کارکردنیدا چاوپێکەوتنی لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر سەرکردە و کەسایەتی دیاری عەرەب کردووە، لەوانە مەلیک فەیسەڵی دووەم پادشای پێشووی عێراق و هونەرمەند فەیروز و نووسەری گەورە تەها حوسێن.