شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا: دڵنیابن سنوورێک بۆ زیادەرۆییەکانی دادگای فیدراڵی دادەنرێت

شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق
شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق

K24 - هه‌ولێر:

شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق داوا ده‌كات هێز و لایەنە سیاسییەکانی عێراق هەڵوێستی رونیان هەبێت لەبه‌رامبه‌ر ئەو پێشێلکارییانەی لە دژی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێن. گوتیشی، "دڵنیابن سنوورێک بۆ زیادەرۆییەکانی دادگای فیدراڵی دادەنرێت".

ئه‌مڕۆ هه‌ینی (27ـی كانوونی دووه‌م/یه‌نایه‌ری 2023)، شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ هه‌ژماری خۆی له‌ فه‌یسبووك له‌باره‌ی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق بۆ نه‌ناردنی 400 ملیار دیناره‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا ره‌خنه‌ له‌ بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵی ده‌گرێت و دووپاتیده‌كاته‌وه‌، " سنوورێک بۆ زیادەرۆییەکانی دادگای فیدراڵی دادەنرێت".

 له‌ په‌یامه‌كه‌ی جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقدا هاتووه‌: پێش بڕیاری دادگای فیدراڵی ماوەی نزیکەی دوو مانگە لایەنێک وەزیری دارایی عێراقی ئاگادارکردەوە لەوەی بڕیاری ناردنی 400 ملیارەکەی هەرێمی كوردستان رابگرێت و رەوانەیان نه‌كات؛ هەمان ئەو لایەنە پەرلەمنتارەکەشی راسپارد بۆ ئەوەی واژۆ لەسەر سکڵلایەک بکات و پێشکەشی دادگای بکات لەدژی ناردنی ئەو پارەیە بێ ئەوەی ناوەرۆکەکەی بخوێنێتەوە؛ هەرهەمان لایەن فەرمانی بەدادگای فیدراڵی کرد بڕیارەکەی لە بەرژەوەندی سكاڵاکە بێت و لەدژی هەرێم بڕیار بدات؛ هەمان لایەنە دەستی هەیە لەبەرزبوونەوەی بەهای دۆلار لەرێگای بەقاچاغ بردن و ئاودیوکردنی سەدان ملیۆن دۆلار رۆژانە؛ بەداخەوە هەمان ئەو لایەنە  فەرمانی بەدادگای فیدراڵی کرد بریار لەدژی یاسای نەوت و گازی هەرێمی كوردستان بدات.

له‌ په‌یامه‌كه‌یدا، شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو، "ئەو لایەنە هەر کات نزیک بوونەوە لە نێوان هێز و لایەن و پێکهاتەکانی عێراق دروستبێت هەوڵی تێکدانی ئەو یەکریزی و تەباییە دەدات، چونکە یەکریزی پێکهاتەکانی عێراق بە مەترسی بۆ سەر بەژەوەندییەکانی خۆی دەزانێت".

له‌ په‌یامه‌كه‌ی جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقدا هاتووه‌: ئەوەی جێگای سەرنجە کارەکتەرەکانی ئەو لایەنە بۆ جێبەجێکردنی ئەجینداکانی لە عێراق  هێزێکی ناوخۆیی عێراقە و بەشێکیشە لە هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت. مێژوو شاهیدە هۆکاری سەرەکی لەناوچوونی رژێمەکانی حوکمرانی لە عێراق بە رووخانی دادگاکانی (الثورە) شەوە  بەهۆی دەستدرێژی و پێشێلکردنی مافە دەستورییەکانی خەڵکی کوردستانەوە بووە. هیواخوازین هێز و لایەنە سیاسییەکانی عێراق هەڵوێستی رونیان هەبێت له‌ ‌به‌رامبه‌ر ئەو پێشێلکارییانەی لە دژی هەرێمی کوردستان ئەنجامدەدرێن.  

له‌ كۆتایی په‌یامه‌كه‌ی شاخه‌وان عه‌بدوڵڵادا هاتووه‌: دڵنیابن سنوورێک بۆ زیادەرۆییەکانی دادگای فیدراڵی دادەنرێت، لە کۆتاییدا ئەو لایەنە هەرچەند هەوڵی دوژمنکارانە بدات لە بەرامبەردا سەرکردایەتی و خەڵکی کوردستان هاوشێوەی چیاکانی کوردستان بەبەرزی و خۆراگری دەمێننەوە.