سوودانی: په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ و یاسای نه‌وت و غاز كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا چاره‌سه‌رده‌كات

"له‌ چه‌ند هه‌فته‌ی داهاتوو سعوودیه‌ و ئێران له‌ به‌غدا كۆده‌بنه‌وه‌"
محه‌ممه‌د شیاع سوودانی
محه‌ممه‌د شیاع سوودانی

K24 – هه‌ولێر:

سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق جه‌خت له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور ده‌كاته‌وه‌ و رایگه‌یاند، په‌سه‌ندكردنی پرۆژه‌یاساكانی بودجه‌ و نه‌وت و غاز زۆربه‌ی كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا چاره‌سه‌رده‌كات.

ئه‌مڕۆ هه‌ینی (27ـی كانوونی دووه‌م/یه‌نایری 2023) محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌میانی چاوپێكه‌وتنێك له‌گه‌ڵ کەناڵی فرانس24 رایگه‌یاندووه‌، عێراق پێویستی بە هێزی شەڕکەری بیانی نەماوە و تەنیا پێویستی به‌ هاوکاری و هەماهەنگی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە بۆ به‌رده‌وامبوون له‌ جه‌نگی دژ به‌ تیرۆر.

هه‌روه‌ها سەرۆک وەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنه‌كه‌دا روونیكردووه‌ته‌وه‌، هەر جۆرە گرژییەک لەنێوان ئەمریکا و ئێران کاریگەری نەرێنی لەسەر عێراق دەبێت.

سوودانی لەبارە کۆبوونەوەی چاوەڕوانکراوی نێوان سعوودیە و ئێرانەوە ئاماژەبەوە دەکات، هەردوو وڵات سوورن لەسەر ئه‌نجامدانی گفتوگۆ و لە چەند هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەیەکی دیکە بەسەرپەرشتی عێراق لەنێوان ریاز و تاران لە بەغدا بەرێوەبچێت.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، سەرۆک وەزیرانی عێراق دووپاتیكرده‌وه‌، هێشتا داعش هەڕەشەیە لەسەر ناوچەکە به‌ڵام پێویستیان بە هێزی شەڕکەری بیانی نییە، بەڵکو پێویستیان بە هەماهەنگی هاوکاریی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ به‌ داعش هه‌یه‌.

له‌باره‌ی هێرشه‌كانی توركیا و ئێران بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق دووپاتیكرده‌وه‌، هه‌موو پێشێلكارییه‌ك بۆ سه‌ر سه‌روه‌ری خاكی عێراق ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌ و پێویسته‌ وڵاتانی دراوسێ رێز له‌ سه‌روه‌ری وڵاته‌كه‌ی بگرن و له‌كاتی خۆشیدا، هه‌مان هه‌ڵوێستیان راگه‌یاندووه‌، هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌ڕێگه‌ی گفتوگۆ له‌بری چاره‌سه‌ری سه‌ربازی كرده‌وه‌.

سوودانی گووتی، "بەتوندی ئیدانەی ئەو هێرشانەمان کردووە و سوورین لەسەر ئەوەی جارێکی دیکە ئەو هێرشانە دووبارە نەبنەوە، باشترین پەیوەندیمان لەگەڵ تورکیا و ئێران هەیە و دەتوانین لەڕێگەی دیپلۆماسیەوە ئەو کێشانە چارەسەربکەین".

له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدراڵی، سوودانی ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عێراق له‌سه‌ر بنه‌مای رێككه‌وتنێكی سیاسی پێكهاتووه‌ و كارنامه‌یه‌كی په‌سه‌ندكراوی هه‌یه‌ كه‌ نه‌خشه‌رێگایه‌كه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی هه‌موو كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا.

له‌ درێژه‌ی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌دا سوودانی روونیكرده‌وه‌، یاسای بودجه‌ رۆلی ده‌بێت له‌ چاره‌سه‌ركردنی به‌شێكی گه‌وره‌ له‌ بابه‌تی دابینكردنی شایسته‌ داراییه‌كان بۆ هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور.

هه‌روه‌ها گوتیشی، دوای ئه‌وه‌ هه‌نگاوێكی گرنگتر ده‌نێن به‌ ده‌ركردنی یاسای نه‌وت و غاز كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی فیدراڵی و هه‌رێمی كوردستان و پارێزگا به‌رهه‌مهێنه‌ره‌كانی نه‌وت، رێكده‌خاته‌وه‌.

سەرۆک وەزیرانی عێراق گووتیشی، "کابینەی حکومەتەکەم دەرئەنجامی رێککەوتنێکی سیاسیە و بەرپرسیاریه‌تییەکی یاسایی و ئەخلاقیم لەسەر شانە بۆ خزمەتکردنی هەموو هاوڵاتیانی عێراق لە کوردستان بن یان ئەنبار و بەسرە".