جەنەڕاڵێکی ئەمەریکی: ساڵی 2025 جەنگێکی دیکە روودەدات

K24 - هەولێر:

جیا لە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا، جەنەڕاڵێكی ئەمەریکی هۆشداری دەدات لە مەترسییەکانی هەڵگیرسانی جەنگ لە نێوان ئەمەریکا و چین لە 2025، ئەمەش بەهۆی تایوانەوە، بە ئاماژەدان بەوەی چین لەمساڵدا ئامادەکاری تەواو بۆ جەنگەکە دەکات.

جەنەڕاڵ مایکل مێنیهان کە بەرپرسێکی باڵای هێزی ئاسمانی ئەمەریکایە لە یاداشتێکی ناوخۆییدا نووسیویەتی "هیوادارم هەڵەبم. هەستێکم هەیە کە دەڵێت ساڵی 2025 لەگەڵ چین دەچینە جەنگەوە".

ئەو جەنەڕاڵە گوتیشی: "شی جینپینگ، سەرۆکی چین لە 2025 لەیەککاتدا پاڵنەر و دەرفەتیشی دەبێت". دڵناییشی دا لەوەی، هەڵبژاردنەکانی تایوان لە ساڵی 2024 هۆکارێک دەدات بە سەرۆکی چین بۆ جوڵەکردن.

جەنەڕاڵ مایکل مێنیهان پێیوایە، کێبڕکێی سەرۆکایەتی بۆ گەیشتن بە کۆشکی سپی، کە بڕیارە هەمان ساڵ بەڕێوەبچێت، دەرفەتێک بۆ چینیش دەڕەخسێنێت کە "ئەمەریکایەکی سەرقاڵکراو"ی هەبێت.

لە یاداشتەکەیدا، جەنەڕاڵە ئەمەریکییەکە، داوا لە هێزەکانی دەکات کە مەشق و راهێنان بکەن بۆ شەڕکردن، بەتایبەتی بە چوونە مەیدانەکانی تەقەکردن و ئامانجی سەرەکیان لە راهێنانەکان، پێکانی "سەر"ـی بەرامبەر بێت.

لە مانگی ئابدا، چین مانۆڕێکی سەربازی گەورەی لە دەوروبەری تایوان ئەنجامدا، ئەمەش بەمەبەستی پیشاندانی هێزی خۆی، وەک کاردانەوەیەک بۆ سەردانەکەی نانسی پیلۆسی، سەرۆکی ئەوکاتەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بۆ ئەو دوورگەیە.

چین، تایوان بە یەکێک لە ناوچەکانی خۆی دەزانێت کە لە دوای کۆتایی هاتنی شەڕی ناوخۆی چین لە ساڵی 1949ـەوە نەیتوانیوە لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی خاکەکەیدا یەکبخاتەوە.

هەروەها بە گرژییەوە لە لێکنزیکبوونەوەی نێوان دەسەڵاتدارانی تایوان و ئەمەریکا دەڕوانێت، کە لە بەرانبەر پەکین پاڵپشتی سەربازی بۆ ئەو دوورگەیە دابین دەکەن.

لە مانگەی تشرینی یەکەمی 2022، گوتەبێژی کۆنگرەی بیستەمی پارتی کۆمۆنیستی چین، لەمیانەی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی لە پەکین رایگەیاند، هەمیشە یەکگرتنەوەی ئاشتیخوازانەی تایوان و چین وەک بژاردەی یەکەم بووە، بەڵام بە رەچاوکردنی هەلومەرجی ئێستا، چین مافی ئەوەی هەیە بەزەبری هێز کێشەکانی لەگەڵ تایوان چارەسەربکات.