بە ڤیدیۆ.. پێنج پۆلیسی ئەمەریکی دڕندانە پیاوێك دەستگیردەکەن کە دواتر گیان لەدەستدات

وێنەی وەرگیراو لە ڤیدیۆکە
وێنەی وەرگیراو لە ڤیدیۆکە

K24 - هەولێر:

هێرشی 'دڕندانەی' پێنج پۆلیسی ئەمەریکی بۆ سەر هاووڵاتییەک لە شاری مێمفسی ئەمەریکا، دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی هاووڵاتییەکە و دواتر دەستگیرکردنی پۆلیسەکان.

گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە شاری مێمفسی ئەمەریکا بڵاوکرایەوە کە تێیدا هێرشی دڕندانەی پۆلیسی ئەمەریکی بۆ سەر پیاوێکی رەشپێستی تەمەن 29 ساڵ نیشان دەدات، ئەمەش ناڕەزایەتی و گردبوونەوەی هاووڵاتیانی لە ژمارەیەک شاری ئەمەریکا بەدوای خۆیدا هێنا بەڵام هیچیان نەبووە هۆی ئەو توندوتیژییەی کە بەرپرسانی وڵاتەکە ترسیان لێی هەبوو.

وەک لە گرتە ڤیدیۆکاندا دەردەکەوێت، پێنج ئەفسەری شاری مێمفس کە هەموویان رەشپێستن لەکاتی دەستگیکردنی تایر نیکۆڵس چەند جارێک لێی دەدەن.

تایر نیکۆڵس لە 10ی کانوونی دووەم، دوای سێ رۆژ لە دەستگیرکردنی بە تۆمەتی شۆفێریکردنی بێباکانە، لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.

ئێستا هەر پێنج ئەفسەرەکە بە تۆمەتی بەشداریکردن لە کوشتنی پلە دوو دەستیگرکراون.

نیکۆڵس باوکی منداڵێکی تەمەن چوار ساڵان و کارمەندی کۆمپانیایەکی گواستنەوەی کەلوپەل بووە.

رۆڤۆن وێڵز، دایکی تایر نیکۆڵس لە پرێس کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: ئەو پۆلیسانەی هێرشیان کردە سەر کوڕەکەم، بوونەتە جێگەی شەرمەزاری خێزانەکەیان، کوڕەکەی من کەسێکی باش بوو، ئێوە دڵی منتان شکاند.

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکیدا لەبارەی ئەو رووداوەوە گوتی: دڵم لەلای خێزانی تایر نیکڵس و هەموو ئەمەریکییەکە لە سەرانسەری وڵاتەکەدا، هیچ وشەیەک نییە وەسفی لەدەستدانی منداڵێکی شیرین و باوکێکی گەنج بکات.

بۆ بینینی ڤیدیۆکە کلیک لێرە بکە و جۆینی چەناڵی کوردستان24 ببە لە تێلیگرام..