لەبارەی کارکردنی کامێراکانی پۆینت تو پۆینت روونکردنەوە دەدرێت

K24 – سلێمانی

سەبارەت بە کارکردنی کامێرای پۆینت تو پۆینت، هاتووچۆی سلێمانی روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەو سیستەمە تەنیا رێگاکانی دەرەوەی شار کاری پێدەکرێت و لەناو شار کاری پێناکرێت.

لە روونکردنەوەکەی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی هاتووە: "دوابەدوای روونکردنەوەی بەڕێوەبەری راگەیاندنی ھاتووچۆی سلێمانی دەربارەی کامێراکانی چاودێری خێرایی کە تیایدا شێوازی کارکردنی ئەو کامێرانە و راستکردنەوەی ئەو ھەڵەتێگەیشتنانەی پێشتر کرابوون لە میکانیزمی کارکردنی ئەو سستەمەی ناسراوە بە خاڵ بۆ خاڵ یاخود  پۆینت تو پۆینت، راستی بابەتەکە کە تەنھا لە رێگاوبانەکانی دەرەوەی شار کاری پێدەکرێت و ئەو سستەمە لە کارکردنی کامێرای خێرایی لەناو شاری سلێمانی پەیڕەو ناکرێت، ھەندێک پەیج بە مەبەست و بە ئەجێندایەکی مەبەستدار و ئاراستە کراو راستییەکانیان بەلاڕێ برد و ھەستان بە بڵاوکردنەوەی ھەواڵێک کە وێنەی بەرێوەبەری راگەیاندنی ھاتووچۆی سلێمانی عەقید بەختیار محەممەد و ئەو کامێرانەی ئێستا لە قۆناغی دانانە لە زۆرینەی شەقامە سەرکی و گۆڕەپان و گەڕەکەکانی ناوشاری سلێمانی کە بەھیچ جۆرێک پەیوەندی بە ھاتووچۆ و بواری خێرایی و شۆفێری نییە و رای گشتییەیان بەلارێ برد کە گوایە ئەمانە کامێرای ھاتووچۆن و قسەکانی بەڕێوەبەری راگەیاندنی ھاتوچۆی سلێمانی راست نین و بەشێکی بەرچاوی ھاووڵاتییان لەسۆشیال میدیادا کەوتنە ژێر ئەو کاریگەرییە".

ئەوەشخراوەتەڕوو: "ئەوەی کە باسکراوە کار و گرێبەستێکی جیاوازە و دوور و نزیک پەیوەندی بە ھاتووچۆ و پرسی خێرایی و تیژڕەوی نییە، بەڵکو بۆ پاراستنی باری ئەمنی و ئاسایشی شاری سلێمانییە و ھەرکەس و لایەنێک و پەیج و میدیایێک و رۆژنانەوانێک دەتوانێت بەدواداچونی بۆ بکات".

هاتووچۆی سلێمانی، دەشڵێت: "دووپاتی دەکەینەوە کە کار کردنی کامێراکانی خێرایی بەپێی گرێبەستی نێوان وەزارەتی ناوخۆ و کۆمپانیای ئێرلی فیوچەر دانانی 225 کامێرای چاودێری خێراییە لەو جێگایانە کە پێویست بێت بە سستەمی پۆینت تو پۆینتە کە لە سنووری رێگاوبانەکانی دەرەوەی شارە کە بەپێی ئامارەکانی گیان لەدەستانی ھاووڵاتییان بە رووداوەکانی ھاتووچۆ پشک و رێژە و ژمارەی ھەرە گەورە لەو سنوور و جێگایانەیە، ئەو کامێرانەی کە لە ئێستا و ئایندە لە ناوشار کاردەکەن بە سستەمی وەن پۆینتە. خوازیارین ( ئەگەر) ئەو کەس پەیچ و کەناڵانەی راگەیاندن و سۆشیال میدیادا پەرۆش و دڵسۆزی سەلامەتی خەڵکن ئەوا پێویستە خەڵکی لە ئەنجامی خێرایی و رووداوکانی ھاتووچۆ ووریا بکەنەوە نەوەکو کۆمەڵگا فێری یاساشکێنی وجنێودان بکەن".