لە سنووری پەروەردەی سۆران پشووی فەرمی راگەیەندرا

بەهۆی دۆخی کەشوهەوا و پەککەوتنی هاتووچۆ
دیمەنێکی ئەمڕۆی قەزای سۆران - فۆتۆ: رەهەند محەممەد - کوردستان24
دیمەنێکی ئەمڕۆی قەزای سۆران - فۆتۆ: رەهەند محەممەد - کوردستان24

K24 – سۆران

بەهۆی دۆخی کەشوهەوا و ئاستەنگی هاتووچۆ لە هەندێک ناوچە، لە قوتابخانەکانی سنووری ئیدارەی سۆران پشووی فەرمی راگەیەندرا.

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە راگەیەندراوێکدا پشووی فەرمی لە قوتابخانەکانی سنوورەکە راگەیاند و ئاماژەی بەوەکردووە، بەهۆی دۆخی کەشوهەوا و ئاستەنگی هاتووچۆ بۆ سەلامەتی گیانی قوتابیان و مامۆستا بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردە سۆران بڕیاریانداوە ئەمڕۆ لە تەواوی سنووری پەروەردەی سۆران بکرێتە پشووی فەرمی.

لە شەوی رابردووەوە شەپۆلێکی بەفربارین دەڤەری سۆران و چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و لە هەندێک ناوچە ئاستەنگ بۆ هاتووچۆ دروستبووە.

دەقی راگەیەندراوی سەرپەرشتاری ئیدارەی سەربەخۆی  سۆران:

بەهۆی پەککەوتنی هاتووچۆ و دۆخی کەش و هەوا، بۆ سەلامەتی گیانی قوتابیان و مامۆستایان لە سەرجەم قوتابخانەکانی سنوری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە هەماهەنگ  لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سۆران ئەمڕۆ یەکشەممە پشووی راگەیاندرا.

٢٩ کانوونی دووەمی ٢٠٢٣