ئه‌مڕۆ په‌رله‌مانی عێراق لیژنه هه‌میشه‌ییه‌كان دیاریده‌كات

K24 - هه‌ولێر:
ئه‌مڕۆ په‌رله‌مانی عێراق بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك و جێگری سه‌رۆكی لیژنه هه‌میشه‌ییه‌كانی په‌رله‌مان كۆده‌بێته‌وه و به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی كوردستان24 پارتی سێ سه‌رۆك لیژنه‌ی به‌رده‌كه‌وێت.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه (29ـی كانوونی دووه‌م/یه‌نایه‌ری 2023)، په‌یامنێری كوردستان24 له به‌غدا رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ كاتژمێر 11:00 په‌رله‌مانی عێراق بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی لیژنه هه‌میشه‌ییه‌كانی په‌رله‌مان كۆده‌بێته‌وه و له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆك و جێگری سه‌رۆك لیژنه‌كان هه‌ڵده‌بژێردرێن.
په‌یامنێری كوردستان24 ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، دوای هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك و جێگری سه‌رۆك لیژنه‌كان، كارئاسانییه‌كی باش ده‌كرێت بۆ په‌سه‌ندكردنی پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی ساڵی 2023ـی عێراق، چونكه تا ئه‌و كاته‌ی لیژنه هه‌میشه‌ییه‌كان دیارنه‌كرێن، ئه‌گه‌ر پرۆژه‌یاساكه بێته په‌رله‌مانیش، ناتوانرێت گفتوگۆی له‌سه‌ر بكرێت.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی په‌یامنێری كوردستان24، پارتی دیموكراتی كوردستان حه‌فت لیژنه‌ی به‌رده‌كه‌وێت، به‌شێوه‌یه‌ك سه‌رۆكایه‌تی لیژنه‌كانی یاسایی، ته‌ندروستی و كۆچ و كۆچبه‌رانی به‌رده‌كه‌وێت و چوار جێگری سه‌رۆك لیژنه‌شی به‌رده‌كه‌وێت، كه پێكهاتوون له لیژنه‌كانی نه‌وت، دارایی، كاره‌با و ده‌ستپاكی.
هه‌ر به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی كوردستان24، یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان سێ لیژنه‌ی به‌رده‌كه‌وێت، یه‌كێك له‌و لیژنانه، لیژنه‌یه‌كی "سیادییه".
ئه‌مه له كاتێكدایه دوێنێ شه‌ممه، ڤیان سه‌بری، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له په‌رله‌مانی عێراق له كۆنفراسێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، "پێویسته به‌گوێره‌ی ئه‌و لێكتێگه‌یشتنه‌ی نێوان لایه‌نه سیاسیییه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق هه‌یه، یاسای نه‌وت و غازی فیدراڵی ده‌ربچێت و پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی ساڵی 2023ی عێراق ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان بكرێت و له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه به‌رێككه‌وتنی زۆرینه‌ی لایه‌نه سیاسییه‌كان په‌سه‌ندبكرێت".