تورکیا لەبارەی گەشتکردن هۆشداری دەداتە هاووڵاتییانی

K24 - هەولێر
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە راگەیەندراوێکدا هۆشداری داوەتە ئەو هاووڵاتییانەی گەشتی وڵاتانی ئەوروپا دەکەن.
ئاماژەیداوە، دژایەتیکردنی ئیسلام و خەڵکی بیانی و پروپاگەندەکانی رێکخراوەکان دژی تورکیا لە وڵاتانی ئەوروپا زیادیکردووە و پێویستە هوشیاربن و لە خۆپیشاندانەکان دووربکەونەوە.
هەروەها لە راگەیەندراوەکەیدا وەزارەتی دەرەوەی تورکیا راشیگەیاندووە، لە هەر حاڵەتێکی نەخوازراودا پێویستە پەیوەندیی بە هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتەوە بکرێت و بەشێوەیەکی بەردەوام چاودێری میدیاکان بکرێت بۆ ئەوەی ئاگاداری راگەیەندراوی کونسوڵخانە و نێردە دیپلۆماسییەکانی تورکیا بن.
راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لەکاتێکدایە، بەهۆی سوتاندنی قورئانی پیرۆز لە بەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا لە ستۆکهۆڵم، پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات گرژیی تێکەوتووە و پرۆسەی ئەندامبوونی سویدیش لە هاوپەیمانی ناتۆ بەهۆی تورکیاوە بە سستی بەڕێوەدەچێت.