ئەوروپا هاوردەکردنی وزەی رووسیا لە رێگەی دەریاوە قەدەغە دەکات

ساڵی رابردوو 220 ملیۆن بەرمیل لە بەندەرەکانی رووسیاوە رەوانەی ئەوروپا کراوە

K24 - هەولێر

یەکێتی ئەوروپا کە بەهۆی سزادانی رووسیاوە گازی سرووشتی رووسیای لەدەستداوە، ئێستا بە نیازە  لە 5ی مانگی شوباتی 2023ـەوە، بچێتە پاڵ بەریتانیا و ئەمەریکا بۆ قەدەغەکردنی هاوردەکردنی گازوایل و بەرهەمە نەوتییەکانی دیکەی رووسیا لە رێگەی دەریاوە.

ئەمە لە کاتێکدایە لـە ماوەی ساڵی 2022دا نزیکەی 220 ملیۆن بەرمیل نەوت لە بەندەرەکانی رووسیاوە رەوانەی  ئەوروپا کراوە، ئەگەر کڕیارە ئەوروپییەکان نەتوانن جێگرەوەی وزەی روسیا بدۆزنەوە، ئەوا ئەو کەرتانەی پشت بە گازوایل دەبەستن تێچوویان زیاد دەکات، لەوانەش کشتوکاڵ و گواستنەوەی بار لە رێگاوبان و رەنگە زیاتریش رێگری لە کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسانی حکومەتەکان بکەن.

سزا نوێیەکان کاریگەری لەسەر سووتەمەنی پاڵاوتەکراوی رووسیا دەبێت، کە لە رێگەی دەریاوە دەگوازرێتەوە، هەروەها وڵاتەکە هەناردەکارێکی گەورەی نافتایە کە دەتوانرێت بۆ دروستکردنی بەنزین و پلاستیک بەکاربهێنرێت  و  رۆنی سووتەمەنیش کە بە شێوەیەکی گشتی لە بەرهەمهێنانی کارەبا و کەشتیوانیدا بەکاردەهێنرێت.

بە گشتی رووسیا لە ساڵی 2022دا 9.3%ی  ناردنی بەرهەمە نەوتییەکانی بە بەراوورد بە کۆی هەناردەکراوی وزەی وڵاتەکەی بووە کە نزیکەی نیو خاڵ زیاترە لە پشکی خۆی لە بازاڕی نەوتی خاودا.

لە دوای هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکا دەستیان بە سزادانی رووسیا کردووە و بەو هۆیەشەوە ئەوروپا گازی سرووشتی رووسیای لەدەستدا کە پێشتر بە رێژەی 40% پشتی پێدەبەست، بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی گازی سرووشتی روویان لە کڕینی گازی سرووشتی ئەمەریکا کرد.

گۆڤاری فۆربێسی ئەڵمانی ئاماژەی بەوەداوە هاوکاری نێوان یەکێتی ئەوروپا و ئەمەریکا لە بواری وزەدا کۆمەڵێک مەترسی لەخۆدەگرێت، چونکە لە سەرەتای ساڵی رابردووەوە نرخی غاز لە ئەمەریکا زیاتر لە دوو هێندە زیادیکردووە و نرخی کارەباش بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و وڵاتەکە بە قەیرانی وزەدا تێدەپەڕێت.

ئەگەر ئەمەریکییەکان رۆژێک بڕیار بدەن زۆربەی غازەکانیان بۆ خۆیان بهێڵنەوە، ئەوا ئەوروپا رووبەڕووی کەمی غاز دەبێتەوە، ئەوەی سەرنجی پسپۆڕان و ناوەندە سیاسی و ئەکادیمییەکانی لەسەرە ئەو پرسیارەیە کە ئایا جێگرەوەی وزەی ئەوروپا لە دوای 5 مانگی داهاتووەوە کام وڵاتە و ئاستی هەڵاوسان لە ئەوروپا روو لە بەرزی دەکات یان دادەبەزێت.