ئاماری زیانە گیانییەکانی بومەلەرزەکەی رۆژهەڵاتی کوردستان راگەیەندرا

K24 - هەولێر:

شەوی رابردوو، بوومەلەرزەیەکی بە گوڕی 5.9 پلەی رێختەر رۆژهەڵاتی کوردستانی هەژاند، لەئاکامدا نزیکەی 800 کەس برینداربوون.

ناوەندی بومەلەرزەزانی زانکۆی تاران رایگەیاند، چەقی بوومەلەرزەکە حەوت کیلۆمەتری ژێر زەوی بووە و لە 23 کیلۆمەتر باشووری رۆژهەڵاتی شاری خۆی و 94 کلیۆمەتر باکووری ورمێ روویداوە.

محەممەد سادق، پارێزگاری ورمێ لەبارەی زیانە گیانییەکانی بومەلەرزەکەوە بە ئاژانسی هەواڵی "ئیرنا"ی راگەیاند، 816 کەس برینداربوون و سێ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی میدیا ئێرانییەکان، بەهۆی بومەلەرزەکەوە 70 گوند زیانی ماددیان بەرکەوتووە.

ژمارەی دانیشتوانی شاری (خۆی) بە نزیکەی 200 هەزار کەس دەبێت، دەکەوێتە رۆژهەڵاتی کوردستان و سەربە پارێزگای ورمێ و هاوسنووری باکووری کوردستان و لە نێوان دوو گۆلی وان و ورمێیە.

"خۆی" کەوتووتە پاڵ کێوێک لە بەردی خوێ و ناوە کوردییەکەی لەم بەردانەوە وەرگیراوە.