پاسەوانێكی نیشتیمانی ئەمریكی دەستگیر كرا

هەوڵیداوە لەناو خاكی ئەمریكادا هێرش ئەنجام بدات

K24 – هەولێر:

دەسەڵاتدارانی ئەمریكا ڕایانگەیاند" ئەندامێكی پێشووی پاسەوانی نیشتیمانی سەر بە سوپای ئەمریكا تۆمەتبار كراوە بەوەی، هەوڵیداوە هاوكاری ڕێكخراوی داعش بكات، و لە ڕێگەی كڕینی چەكەوە لەناو خاكی ئەمریكادا هێرش ئەنجام بدات.

وەزارەتی دادی ئەمریكا ڕایگەیاندووە" ئەندامانی نوسینگەی لێكۆڵێنەوەی فیدراڵی ئەمریكی، كەسێكی بەناوی "محەمەد جەلۆ" تەمەن "26" ساڵ لە ناوچەی (سترلینگ) ی ویلایەتی ڤێرجینیا  دەستگیر كراوە.

لە بەیاننامەكەدا ئاماژە بەوە كراوە، كە ئەو كەسە ڕۆژی شەممەی ڕابردوو، چەكێكی كڕیووە و لە ڤێرجینیا تاقیكردووەتەوە.

بەیاننامەكە ئاماژەی بەوەشكردووە كە ئەو كەسە بە ڕەگەز "سیرالیۆنییە" بەنیاز بووە ئێوارەی ئەمڕۆ "سێ شەممە" لەگەڵ خۆرئاوابووندا لەناو ئەمریكا هێرشی چەكداری پێ ئەنجام بدات.

زانیارییەكان ئاماژەیان بەوەشكردووە كە "جەلۆ" لە وڵاتی سیرالیۆنیش تۆمەتبارە بەوەی هەوڵیداوە هاوكاری ماڵی و دارایی گروپە توندڕەوە بیانییەكان بكات كە كاری تیرۆریستی دەكەن و بەو هۆیەشەوە سزایەكی "20" ساڵ زیندانی بۆ دەبڕێتەوە.