جۆكۆڤیچ ریكۆرده‌كه‌ی له‌گه‌ڵ نادال یه‌كسان كرده‌وه‌

نۆڤاك جۆكۆڤیچ تێنسزانی سڕبیا
نۆڤاك جۆكۆڤیچ تێنسزانی سڕبیا

یاریگای رۆد لیڤەر لە مێلبۆرن یاریی کۆتایی تێنسی گراندسلامی ئوسترالیا بەڕێوەچوو، کۆتایی یەکەمین پاڵەوانیەتیە گەورەی تێنسی ئەم وەرزە، نۆڤاک جۆکۆڤیچی سڕبی و ستیفانۆسی یۆنانی بەیەک گەیشتن.

جۆکۆڤیچ کە لە ساڵی رابردوو بەهۆی وەرنەگرتنی پێکوتەی دژە کۆرۆنا لە پاڵەوانیەتیەکە بێبەش کرا، بەهێز گەڕایەوە و رێگەیەکی درێژی بڕی تا گەیشتەوە کۆتایی پاڵەوانیەتیەکە.

جۆکۆی پۆلێنکراوی چوارەم بەهێز دەرکەوت و سێتی یەکەمی بە شەش سێ لە رکابەرە یۆنانییەکەی پۆلێنکراوی سێیەم بردەوە و یەکەم هەنگاوی بۆ بردنەوەی بیست و دووەمین ناسناوی گراندسلام هاوێشت.

لە سێتی دووەمدا جۆکۆڤیچ لە ئاستە بەرزەکەی بەردەوام بوو، بەڵام ستیفانۆس بەهێزتر دەرکەوت و نەیدەویست بە ئاسانی ناسناوەکە لەدەست بدات، گەرچی یۆنانییەکە نزیک بوو ئەنجامەکە یەکسان بکاتەوە، دواجار ئەم سێتەشی لە تای برێک بە شەش حەوت دۆڕاند.

سێتی سێیەم بەهێزترین سێتی یارییەکە بوو، لە زۆربەی کاتەکانی یارییەکە بە ئەنجام لەیەکەوە نزیک بوون، باڵادەستی جۆکۆ وایکرد سڕبیەکە ئەم سێتەش لە تای برێک بباتەوە و کۆتایی بە هەموو شتێک هێنا، بە سێ کاتژمێر بەربەستی ستیفانۆسی تێپەڕاند و جۆکۆڤیچ بووە پاڵەوانی تێنسی کراوەی ئوسترالیا.

نۆڤاک جۆکۆڤیچ بیست و دووەمین ناسناوی پاڵەوانیەتیە گەورەکانی تێنسی بەدەستهێنا و ریکۆردی رافایل نادالی ئیسپانی یەکسان کردەوە و بە جیاوازی دوو ناسناویش پێش رافایل نادال کەوتەوە، جۆکۆڤیچ 10 جار بووەتە پاڵەوانی ئوسترالیا و حەوت ناسناوی ویمبڵدۆن و سێ پاڵەوانیەتی ئەمریکا و دوو رۆڵان گارۆسیشی بردووەتەوە، بە بردنەوەی ئەم ناسناوەش جۆکۆ بە فەرمی دەگەڕێتەوە پێشەنگی باشترین تێنسزانەکانی جیهان، هاوکات نۆڤاک بووە سێیەم بە تەمەنترین تێنسزان ناسناوێکی گەورەی تێنس بەدەست بهێنێت.