ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق سه‌رۆكی لیژنه هه‌میشه‌ییه‌كانی هه‌ڵده‌بژێرێت

K24 - هه‌ولێر:
ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق سه‌رۆكایه‌تی چه‌ند لیژنه‌یه‌كی هه‌میشه‌یی هه‌ڵبژارد و له‌م خوله‌ی ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ش جارێكی دیكه رێبوار هادی له فراكسیۆنی پارتی به سه‌رۆكی لیژنه‌ی یاسایی هه‌ڵبژێردرایه‌وه.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه (29ـی كانوونی یه‌كه‌م/یه‌نایری 2023)، ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی لیژنه هه‌میشه‌ییه‌كانی ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ی ده‌ستپێكرد كه تاوه‌كو ئێستا ئه‌م په‌رله‌مانتارانه‌ی خواره‌وه بۆ سه‌رۆكایه‌تی لیژنه‌كان هه‌ڵبژێردراون:
رێبوار هادی: سه‌رۆكی لیژنه‌ی یاسایی
زیاد جه‌نابی: سه‌رۆكی لیژنه‌ی ده‌ستپاكی
عه‌توان عه‌توانی: سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی
عه‌باس زاملی: سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری
له‌یلا ته‌میمی: سه‌رۆكی لیژنه‌ی پلاندانانی ستراتیژی و خزمه‌ت
هه‌یبه‌ت حه‌لبووسی: سه‌رۆكی لیژنه‌ی نه‌وت، غاز و سامانه سرووشتییه‌كان
حه‌سه‌نێن خه‌فاجی: سه‌رۆكی لیژنه‌ی وه‌به‌رهێنان و گه‌شه‌پێدان
پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك و جێگری لیژنه هه‌میشه‌ییه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به ئاماده‌بوونی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ناو خودی لیژنه‌كان به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
پێشتریش په‌یامنێری كوردستان24 رایگه‌یاند، فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق حه‌وت لیژنه‌ی به‌رده‌كه‌وێت، به‌شێوه‌یه‌ك سه‌رۆكایه‌تی لیژنه‌كانی یاسایی، ته‌ندروستی و كۆچ و كۆچبه‌رانی به‌رده‌كه‌وێت و چوار جێگری سه‌رۆك لیژنه‌شی به‌رده‌كه‌وێت، كه پێكهاتوون له لیژنه‌كانی نه‌وت، دارایی، كاره‌با و ده‌ستپاكی.
هه‌ر به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی كوردستان24، فراكسیۆنی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، پۆسته‌كانی سێ لیژنه‌ی به‌رده‌كه‌وێت، یه‌كێك له‌و لیژنانه، لیژنه‌یه‌كی "سیادییه".
ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له 25 لیژنه‌ی هه‌میشه‌یی پێكهاتووه و پێشتر لایه‌نه سیاسییه‌كانی ناو ئه‌نجوومه‌نه‌كه به‌تایبه‌تی فراكسیۆنه‌كانی ناو هاوپه‌یمانی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت كه ئه‌و لایه‌نانه له‌خۆده‌گرێت كه كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عێراقییان پێكهێناوه، گفتوگۆیان له‌باره‌ی دابه‌شكردنی پۆستی سه‌رۆك و جێگری سه‌رۆك لیژنه هه‌میشه‌ییه‌كانه‌وه كردووه.