رۆژنامه‌یه‌كی ژاپۆنی هۆشداری له روودانی بوومه‌له‌رزه‌یه‌كی جیۆپۆڵه‌تیكی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌دات

K24- هه‌ولێر:
راپۆرتی رۆژنامه‌یه‌كی ژاپۆنی باس له لێكه‌وته‌كانی "کاردانەوەی گەورە"ی ئەو رووداو و گۆڕانكارییانه دەکات، کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست روودەدەن و بە "بومەلەرزەیەکی جیۆپۆڵەتیکی"ی بێ وێنە لە ناوچەکە وەسف ده‌كات و ده‌ڵێت: پێدەچێت کاریگەری لەسەر ژاپۆن و وڵاتانی دیکەی ئاسیای وەك چینیش هەبێت.
رۆژنامەی "نیکی ئاسیا"ـی ژاپۆنی، لە راپۆرتێک‌دا ئاماژەی بەوە کردووە، "زۆرێك لە وڵاتانی ئاسیا بۆ دابینکردنی پێداویستی وزە، پشت بە نەوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبەستن، بۆ نموونه ژاپۆن به‌ڕێژه‌ی زیاتر لە 90%ی نەوتی هاوردەکراو له‌و ناوچه‌یه به‌ده‌ستده‌هێنێت".
رۆژنامە ژاپۆنییەکە روونیكردووه‌ته‌وه، "چین و کۆریای باشوور دەست دەخەنە سەر دەرفەتی ستراتیژی نوێ لە ناوچەکەدا، بەتایبەتی دوای سەردانەکەی شی جین پینگ، سەرۆکی چین بۆ سعوودیە و واژووکردنی گرێبەستێکی هاوبەشی ستراتیژی گشتگیر لە بوارەکانی وزە و تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو و چەندین بواری دیكه، لە مانگی دواتریشدا سه‌ردانه‌كه‌ی یۆن سۆک یول، سەرۆکی کۆریای باشوور بۆ ئیمارات، كه رێككه‌وتنێكی به به‌های 30 ملیار دۆلار لە 13 پڕۆژەی کۆریای باشوور لە بوارەکانی وەک وزە و بەرگری و بۆشایی ئاسمانی‌دا واژووكرد.
عەرەب و ئیسرائیل
رۆژنامەکە نووسیویه‌تی: "دیمەنی جیۆپۆڵەتیك دەستی بە گۆڕانکاری کردووە، بەو پێیەی ئێستا هەندێك لە وڵاتانی عەرەبی پەرە بە هاوبەشی لەگەڵ ئیسرائیل دەدەن، نەك تەنها لە بواری بازرگانی، بەڵکو لە بواری ئەمنیشدا، هەروەها ئیمارات لە رێگەی هاوبەشییەکی فراوانی ئەمنی لەگەڵ ئیسرائیل، پێشه‌نگیه‌تی دەکات".
ئاماژەی بەوەشکردووه، ئیمارات و ئیسرائیل لەسەر دانانی سیستەمی بەرگری ئاسمانی "باراك 8"ـی ئیسرائیلی لە نزیك ئەبوزەبی رێککەوتوون، كه ئه‌و سیسته‌مه توانای خستنەخوارەوەی مووشەك و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هەیە.
له راپۆرته‌كه‌دا ئاماژه به فراوانکردنی پەیوەندییە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی كراوه، "بەو پێیەی لەم چوارچێوەیەدا بەرپرسی مۆساد لەم مانگەدا سەردانی بەحرەینی کردووە و رێککەوتنی هاوکاریی واژۆکردووە"، له‌سه‌ر زاری به‌رپرسێكی به‌حره‌ینیش كه ئاماژه‌ی به ناوی نه‌كردووه، گواستییه‌وه، "هەندێك لە بریکارەکانی مۆساد لە ئێستاوە لە ناوخۆی بەحرەین کاردەکەن و له‌گه‌ڵ ده‌زگای هه‌واڵگریی ناوخۆیی به‌حره‌ین زانیاری هه‌ستیاری سه‌ربازی ئاڵوگۆڕ ده‌كه‌ن".
له درێژه‌ی راپۆرته‌كه‌دا هاتووه، ئەم پێشهاتانە یەکێکە لە دەرئەنجامەکانی "رێککەوتنەکانی ئەبراهام، كه بە نێوەندگیری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا ئه‌نجامدراوه و زنجیرەیەك رێککەوتنی دیكه‌ی بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی پەیوەندی دیپلۆماسیی ئیسرائیل لەگەڵ چەند وڵاتێکی دیكه‌ی عەرەبیی به‌دوای خۆیدا هێنا.
جیۆپۆڵیتیکی
لەو روانگەیەوە رۆژنامەکە به پشتبه‌ستن به ژماره‌یه‌ك شاره‌زا، سەرنجی داوه‌ته هۆکارە جیۆپۆڵەتیکیەکان و گوتوویانه: ئیسرائیل بە هەندێك وڵاتی عەرەبییەوە دەبەسترێتەوە، ئەمەش "ئەو مەترسیەیە کە ئێران وەك دوژمنێکی هاوبەش بۆ هەردوولا سه‌یری دەکات، هه‌ر بەو پێیەش کاردەکات بۆ پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی و فراوانکردنی هه‌ژموونه‌كه‌ی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش دۆخی سووریا و عێراقی قۆستووه‌ته‌وه".
رۆژنامەکە لە زاری دامەزرێنەر و سەرۆکی سەنتەری توێژینەوەی کەنداو، عەبدولعەزیز سەقرەوە نووسیویەتی: "ئێمە تا ئەمڕۆش بەدەست ئەو مەترسییە راستەقینە و جددییەی ئێرانەوە دەناڵێنین، "ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماژەیه‌ك بۆ هەڕەشەکانی پەیوەست بە ئاسایش و وزەی دەریایی"، لەکاتێکدا ئێران بەکارهێنانی تائیفەگەری وەك رەهەندێكی پشتیوانیکردن بۆ میلیشیاکان به‌كارده‌هێنێت".
له راپۆرته‌كه‌دا هاتووه، هۆکاری جیۆپۆڵیتیکی دیكه‌ش لە پشت زیادبوونی لێکنزیکبوونەوەی ئیسرائیل و عەرەبەوە هەیە، لەوانەش: "گۆڕانکاری لە ستراتیژیه‌تی ئه‌مه‌ریكا و گرنگیدانی زیاتری واشنتن به ئاسیا، ئه‌مه‌ش دوای ئەوەی لە کۆتایی ساڵی 2021 هێزەکانی لە ئەفغانستان کشاندەوە و کۆتایی بە ئەرکە سەربازییەکەی لە عێراق هێنا، كه ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه بۆ گرنگیدانی زیاتری ئه‌مه‌ریكا بە ئاسیا و کەمکردنەوەی گرنگیدانییهتی به ئێران و ده‌وروبه‌ری. ئەمە نیگەرانییەکی گەورەی ئیسرائیل و عەرەبی لێکەوتووه‌تەوە".
دان شوفتان، سەرۆکی پرۆگرامی دەرچووانی نێودەوڵەتی لە توێژینەوەکانی ئاسایشی نیشتمانی لە زانکۆی حەیفا لە ئیسرائیل، به رۆژنامه‌ی ناوبراوی راگه‌یاندووه، ئەمه‌ریکا لەبری بیرکردنەوەی ستراتیژی، کاردانەوەی هەڵەی هەبوو و لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا شکستی هێناوه.
دوژمنی کۆن
رۆژنامە ژاپۆنییه‌كه نووسیویه‌تی: "رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێی ناوەتە سەردەمی شەڕی سەخت، یان سەردەمی دەوڵەتانی شەڕکەر، لە کاتێکدا ژمارەیەکی زۆر لە یاریزانان لە ناوچەکەدا هەن، کە ئامادەن هاوکاری لەگەڵ دوژمنێکی کۆنی وه‌ك (ئیسرائیل) بکەن، ئەگەر ئەمە یارمەتیدەر بێت بۆ دڵنیابوون لە مانەوەیان".
لەو چوارچێوەیەدا رۆژنامەکە باسی سعوودیەی کردووه و بە "کلیلی ئایندەی ناوچەکە" وەسفی کردووه، لە هەمان کاتیش‌دا بە گومانەوە سەیری ئێران دەکات، بەڵام ریاز بە ئهستەم دەزانێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکاتەوە به‌ر له‌وه‌ی له‌باره‌ی كێشه‌ی فه‌له‌ستین بگه‌نه چارەسەرێکی گشتگیر، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سعوودیە هەوڵی نەداوە رێگری لە وڵاتانی دیکەی عەرەبی بکات له ئاساییكردنه‌وه‌ی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل و جگه له‌مه‌ش، لە ئەیلولی 2020 بڕیاریدا رێگە بە گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات بدات بەسەر خاکی وڵاتەکەیدا تێپەڕن.
رۆژنامە ژاپۆنییەکە لە زاری ئیهود ئۆلمێرت، سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیسرائیلەوە بڵاویکردووەتەوە، "پێشتر ئیسرائیل و سعوودیە پەیوەندییان هەبووە، ئێستاش پەیوەندیمان لەگەڵیاندا هەیە و پێموایە درەنگ یان زوو، پێشکەوتنێك روودەدات".
نیگەرانییەکانی رۆژهەڵاتی ئاسیا
جگە لەوەش، رۆژنامە ژاپۆنییەکە لە راپۆرتەکەیدا هۆشداریی داوە، کە "ئەم بارودۆخانە هەم دەرفەت و هەم مەترسی بۆ وڵاتانی ئاسیا دروست دەکەن، کە پشت بە نەوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبەستن"، روونیشیكرده‌وه، "لایەنی ئەرێنی لە سوکبوونەوەی گرژییەکان و سەرهەڵدانی دەرفەتی بازرگانی و ستراتیژی نوێدایە، کە پێشتر وایکردووە سەرکردەکانی چین و کۆریای باشوور سەردانی ناوچەکە بکەن، بۆ بەرزکردنەوەی هاریکاری و هه‌ماهه‌نگییه‌كانیان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی".
سەبارەت بە مەترسییەکانیش، رۆژنامەکە له‌و باوه‌ڕه‌دایه، "گۆڕانکارییه داینامیکییهكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەتوانێت مەترسی ئەمنی نوێ دروست بکات، بەتایبەتی له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه، کە رەنگە مەیلی بۆ خێراترکردنی پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی زیاتر بكات، وه‌ك وەڵامێك بۆ لێکنزیکبوونەوەی ئیسرائیل و عەرەبی، کە ئەمەش ئه‌گه‌ری پێکدادانی سەربازی له نێوان عەرەب و ئێران به‌هێزتر ده‌كات".
رۆژنامەکە لە کۆتایی راپۆرتەکەیدا دووپاتیكردووه‌ته‌وه، بەرپرسێکی باڵای ژاپۆنی رایگەیاندووە، "ئاشتەوایی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی پێشوازی لێکراوە، بەڵام توندبوونەوەی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران بە مانای زیادبوونی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە"، ئاماژەی بەوەشکردووە، "خراپترین حاڵەت" سیناریۆی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمییە، کە رەنگە ببێتە هۆی دۆخێکی زۆر مەترسیدار.
H.B