روانگه‌ی سووری: حه‌وت كه‌س له ئه‌نجامی بۆردوومانكردنی میلیشاكانی ئێران له سووریا كوژراون
K24 - هه‌ولێر:
روانگه‌ی سووری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ رایگه‌یاند، له ئه‌نجامی بۆردوومانكردنی كاروانێكی ئۆتۆمبێله‌كانی میلیشاكانی سه‌ر به ئێران له شاری قائیمی سووریا كه هاوسنووره له‌گه‌ڵ عێراق، حه‌وت كه‌س كوژراون.
ئێواره‌ی رۆژی یه‌كشه‌ممه (29ـی كانوونی دووه‌م/یه‌نایه‌ری 2023)، میدیای ئیسرائیل بڵاویكرده‌وه، كاروانێكی ئۆتۆمبێله‌كانی میلیشیا چه‌كداره‌كان، له‌سه‌ر سنووری عێراق – سووریا بۆردومانكرا و كوژرا و برینداری لێكه‌وتووه‌ته‌وه.
هه‌روه‌ها ئاماژه به‌وه‌شكرد، ژماره‌یه‌ك فڕۆكه‌ی نه‌ناسراو، كاروانی ئۆتۆمبێلی میلیشیا چه‌كداره‌كانی له‌سه‌ر سنووری عێراق - سووریا بۆردومانكرد، كه خه‌ریكی گواستنه‌وه‌ی چه‌ك بوون، له ئاكامدا كوژراو و برینداری لێكه‌وته‌وه.
هه‌ر دوێنێ ئێواره روانگه‌ی سووری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ، هه‌واڵه‌كه‌ی پشتڕاستكرده‌وه و رایگه‌یاند، چه‌ند فڕۆكه‌یه‌كی نه‌ناسراو، ژماره‌یه‌ك بارهه‌ڵگری له گوندی (هه‌ری)ـی ناوچه‌ی بوكه‌مال له رۆژهه‌ڵاتی دێرزوور به‌ئامانج گرتووه، بووه‌ته هۆی كوژران و برینداربوونی سه‌رنشینانی بارهه‌ڵگره‌كان.
روانگه‌ی سووری ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو، ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری گه‌یشتوونه‌ته شوێنی بۆردومانه‌كه و بریندارانی گواستووه‌ته‌وه نه‌خۆشخانه.