نرخی نەوت بەرزبووەوە

K24 - هەولێر

نرخی نەوت ئەمڕۆ دووشەممە 30/1/2023، بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینی، ئەوەش بەهۆی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوای هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ئێران، هەروەها بەڵێنەکانی پەکین لە کۆتایی هەفتەدا بۆ بوژانەوەی بەکاربردن کە خواستی بۆ بەکارهێنانی سووتەمەنی زیادیکردووە.

نرخی نەوتی خاوی برێنت 54 سەنت بەرزبووەوە، هەر بەرمیلێک بە 87 دۆلار و 20 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت، هاوکات هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی رۆژئاوای تێکساسیش 54 سەنت بەرزبووەوە هەر بەرمیلێک بە 80 دۆلار و 22 سەنت  مامەڵەی پێوەدەکرێت.

بەرپرسێکی ئه‌مەریکی بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاندبوو، پێدەچێت ئیسرائیل له پشت هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بێت بۆ سەر کارگەیەکی وەزارەتی بەرگری ئێران.

لە لایەکی دیکەوە چین رایگەیاند، پەرە بە بوژانەوەی بەکاربردن دەدات وەک بزوێنەری سەرەکی ئابووری و بەرەوپێشبردنی هاوردەکردن و لەم هەفتەیەشدا دوای پشووی سەری ساڵی نوێی چینی دەست بە کاركردن ده‌كرێته‌وه‌.

لەلایەکی دیکەوە، وەزیرانی رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک +)، پێناچێت سیاسەتی بەرهەمهێنانی نەوتی ئێستایان رێکبخەن لە کۆبوونەوەی 1ی شوباتی 2023دا.