"18 پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ پارێزگای هه‌ولێر جێبه‌جێده‌كرێن"

دیمه‌نی قیرتاوكردنی كۆڵانێكی پارێزگای هه‌ولێر
دیمه‌نی قیرتاوكردنی كۆڵانێكی پارێزگای هه‌ولێر

K24 - هه‌ولێر:

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ماڵپه‌ڕی فه‌رمی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، گوژمەی پێویست بۆ 18 پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری پارێزگای هەولێر، خەرجدەكرێت.

ئه‌مڕۆ (دووشه‌ممه‌ 30ـی كانوونی دووه‌م / یه‌نایه‌ری 2023)، ماڵپه‌ڕی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاویكرده‌وه‌، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، لەسەر داهاتی شارەوانییەكان، بە گوژمەی 872 ملیۆن و 894هەزار و 750 دینار، رەزامەندی بۆ جێبەجێكردنی 18 پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر، دا.

هه‌روه‌ها حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمی خۆیدا ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو، پڕۆژەكان لە بواری دروستكردن و قیرتاوكردنی شەقام، كۆنكرێتكردن، ئاو و ئاوەڕۆن، جگە لەو پڕۆژانەش كه‌ لە داهاتوودا رەزامەندییان لەسەردەدرێت.

روونیشیكرده‌وه‌، ئەو 18 پڕۆژەیەش له‌ شارۆچكەكانی بنەسڵاوە، كەسنەزان، بەحركە، دارەتوو، قوشتەپە، شەمامك، خەبات، كانی قڕژاڵە، شەقڵاوە، دیبەگە و چەند شوێنێكی دیكەی سنووری پارێزگای هەولێر ئه‌نجام ده‌درێن.

هاوكات چەندین پڕۆژەی جۆراوجۆری خزمەتگوزاری لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر لەلایەن تیمەكانی شارەوانییەوە لە قۆناغی جێبەجێكردندان و گوژمەی پێویستیان بۆ تەرخانكراوە.