دیندار زێباری: تا ئێستا 10 وڵات کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکانییان بە جینۆسایدناساندووە

دیمه‌نێكی شنگال له‌ سالی 2015
دیمه‌نێكی شنگال له‌ سالی 2015

K24 – هه‌ولێر:

له‌باره‌ی به‌ جینۆسایدناساندنی كۆمەڵكوژیی ئێزیدییەكان له‌لایه‌ن رێكخراوی داعشه‌وه‌، دیندار زێباری رێکخەرى نووسینگەى راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتى کوردستان، رایده‌گه‌یه‌نێت، تا ئێستا 10 وڵات کۆمەڵکوژیی ئیزیدییەکانییان بە جینۆسایدناساندووە.

دیندار زێباری رێکخەرى نووسینگەى راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتى کوردستان، به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی راگه‌یاند، بڕیاری پەرلەمانی ئەڵمانیا بۆ به‌ جینۆسایدناساندنی كۆمەڵكوژیی ئێزیدییەكان، لەسه‌ر ئاستی ئەوروپادا، كارێكی گرنگە، چونکە ئەڵمانیا و ئەوروپا رۆڵێکی گرنگیان لە پڕۆسەی ناساندنی ئەم  کۆمەڵوژییەدا هەبووه‌.

هه‌روه‌ها زێباری گوتی: "کۆمەڵکوژی، تاوانی جەنگ و تاوانی دژ به‌ مرۆڤایەتی، سێ تاوانی نێودەوڵەتیین، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە ساڵى 2017ـه‌وه‌ پێداگرى لەسەرکردوون و تیمێکی نێودەوڵەتیشی بە ناوی (یونیتات)ـی بۆ دامەزراندووه‌".

ده‌شڵێت: "له‌ رووی سیاسی و مرۆییه‌وه‌، دانپێدانانی پەرلەمانی ئەڵمانیا بۆ کۆمەڵکوژیی دژ به‌ خوشک و برایانی ئێزیدی، هەنگاوێکی گرنگە، چونکە ئێمە له‌ هەرێمی کوردستان، هاوکاری ئەڵمانیا و زۆر وڵاتی دیكەی نێودەوڵەتیمان لە بواری ئاڵوگۆڕی داتا و زانیاری و لێکۆڵینەوەکان چ لەسەر ئاستی عێراق و چ لەسەر ئاستی وڵاتانیش كردووه‌".

له‌باره‌ی پڕۆسه‌ی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی كوردانی ئێزدی، دیندار زێباری رایگه‌یاند، پڕۆسەی قەرەبووکردنەوەی ئێزدییه‌كان بە سێ قۆناغ ده‌بێت:

قۆناغی یەکەم: لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی داتاو زانیاریی.

قۆناغی دووەم: میکانزمی نیشتمانیی کە پەیوەستە بە خودی عێراقەوە، ئێستا عێراق یاسای رزگاربووانی ژێردەستى داعشی دەرکردووە کە ئیزدییەکان بەشى هەرە سەرەکین، بەڵام ئایا ئەو پارەیە کەی بۆیان تەرخان دەکرێت، ئەوە کاتى دەوێت.

قۆناغى سێیەم، گەڕاندنەوەی ئاوارەکانە کە زیاتر لە 135 هەزار ئێزیدین.

هه‌روه‌ها دیندار زێباری گوتیشی: "حکومەتی هه‌رێمی کوردستان و گەلی کورد، لە کاتی رزگارکردنی شنگال و ئەو دەڤەر و ناوچانەى کە کەوتبوونە بن دەستى داعش، هەزار و 700 شەهید و نزیکەی 11 هەزار برینداری داوە، هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پڕۆسەی رزگارکردنی ئێزیدییەكان، لە بابەتی دیۆکیۆمێنت و ئەرشیفکردنی تاوانەکانی داعش بەردەوامە و حکومەتی هەرێم کارى رژدی کردووە و ئەرشیفێکی ڕێکوپێک و داتا و زانیارییەکی زۆری خستووەتە بەردەستی تیمە نێودەوڵەتییەکان، تا سوودی لێ وەربگرن".

دووپاتیشیكرده‌وه،‌ دادگاییکردنی داعشەکان لە هه‌رێمی کوردستان دەستیپێکردووە و تا ئێستا زیاتر لە هەزار و 600 تیرۆریست بەپێی یاسای دژە تیرۆری ساڵی 2006 دادگاییکراون و بە تەنیا لە ساڵی 2021 و 2022 نزیکەی 300 داعش دادگایی کراون و ئەم پڕۆسەیەش بەردەوامە.