چەند رێکارێک بۆ سەقامگیربوونی بەهای دینار دەگیرێنەبەر

kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

حکومەتى عێراق  بۆ ریگریكردن لە بردنە دەرەوەی دۆلار و سەقامگیری بازاڕی دراو، چەند رێکارێکى گرتووەتە بەر بۆ ئەوەی بەھای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلار زیاتر دانەبەزێت، بەڵام بە بڕواى شارەزایانى ئابووری رێکاری زیاتر پێویستە بۆ ئەوەى بەهاى دینار بەرامبەر بە دۆلار زیاتر دانەبەزێت  و رێگیریش بكرێت لە بردنە دەرەوەی میلۆنان دۆلار بۆ وڵاتانی دراوسێی عێراق، شارەزایەکی دارایی و بانک دەڵێت: تەواوی هۆکاری دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار سیاسییە.

ناسەقامگیری بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو یەکێکە لەو ئاستەنگە گەورانەی بەردەم حکومەتى عێراق، بۆیە حکومەت چەند رێکارێکى گرتووەتەبەر، بەڵام شارەزایانى ئابوورى بە گرنگى دەزانن خوێندنەوەى زیاتر بۆ رێکارەکان بکرێت، بۆ نموونە فرۆشتنى دۆلار بە گەشتیاران لە فڕۆکەخانەکان پێویستى بەوە هەیە بزانرێت چەند کەس گەشت دەکەن و بڕیکى زیاتر دۆلار بخرێتە بازاڕەوە و پارێزگارى ئێستاى بانکى ناوەندى دەسەڵاتى زیاترى هەبێت.

خالید حەیدەر، پسۆڕى ئابوورى بە کوردستان24ی گوت: "لە چەند رۆژی رابردوودا باس لەوە دەکرا چەند کەسێک 52 ملیۆن دۆلار قازانجیان کردووە، جگە لەوەی کە شاراوەیە باس ناکرێت رەنگە بڕەکە زۆر زیاتر بێت، بۆیە رێکنەکەوتن بۆ سەقامگیری بەهای دیناری عێراقی لە بەرامبەر دۆلار رەنگە قازانجی تایبەتی تێدا بێت، ئینجا قازانجەکە لە ئاستی کەسە یان حزبە".

بردنە دەرەوەی دۆلار بۆ وڵاتانی دراوسێی عێراق، كە دەگوترێت رۆژانە 55 ملیۆن دۆلار لە عێراقەوە دەبرێتە ئێران، هەروەها بە یەکسانى دابەش نەکردنى دۆلار و کڕینى دۆلار لە بازاڕەکاندا لەلایەن بازرگانانەوە وایکردووە هۆکارن بۆ ناسەقامگیری بەهای دینار.

گوڵاڵە سدیق، شارەزاى دارایی و بانک دەڵێت: "پرسی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار لە عێراقدا تەواو پرسێکی سیاسییە، سەرەڕای ئەو رێکارانەی بانکی ناوەندی گرتویەتیە بەر، بەڵام رێکارەکان نەبوونەتە هۆکار بۆ دابەزینی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی، ئاراستەیەک لەناوخۆ و دەرەوەی عێراق هەیە دەیانەوێت بەهای دۆلار بەو بەرزییە بمێنێتەوە".