جۆو بایدن ناردنی فڕۆکەی F-16 بۆ ئۆکرانیا رەتدەکاتەوە

جۆو بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا
جۆو بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا

K24 - هەولێر:

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا رەتیدەکاتەوە فڕۆکەی شەڕکەری F-16 بۆ ئۆکرانیا دابین بکات، ئەمەش لەکاتێکدایە کە رووسیا بانگەشەی ئەوە دەکات لەشکرکێشییەکەی لە خاکی ئۆکرانیا پێشڕەوی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیووە.

سەرۆکی ئەمەریکا کاتێک لەلایەن رۆژنامەنووسانەوە پرسیاری لێکرا سەبارەت بە ناردنی فڕۆکەی شەڕکەی F-16 یان جۆرەکانی دیکە بۆ ئۆکرانیا، بە "نەخێر" وەڵامی دایەوە و ناردنی فڕۆکەی شەڕکەری بۆ ئەو وڵاتە رەتکردەوە.

11 مانگە شەڕ بەردەوامی هەیە

24ـی شوباتی 2022، به‌ فه‌رمانی ڤلادیمێر پوتنی سه‌رۆكی رووسیا هێرش كرایه‌سه‌ر خاكی ئۆكرانیا و به‌هۆیه‌وه‌ هه‌زاران كه‌س له‌ سه‌ربازان و هاووڵاتیان كوژراون و ملیۆنه‌ها ئۆكرانیش ئاواره‌ی وڵاتانی ئه‌وروپی بوون، تا ئێستاش ئه‌و جه‌نگه‌ به‌رده‌وامه‌.

لە خاڵە سەرەکییەکاندا هێشتا شەڕ بەردەوامی هەیە، هێزەکانی رووسیا لە هەوڵی ئەوەدان دەستەبەسەر بەشێكی فراوانی ناوچەی دۆنێتسک بگرن کە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا.

دێنیس پوشیلین، سەرۆکی ناوچەی دۆنێتسک کە لەلایەن کرێملینەوە دەستنیشانکراوە، بانگەشەی ئەوە دەکات، هێزەکانی رووسیا لە نزیک ڤوگلێدار پێشڕەوی دەکەن، کە شارۆچکەیەکی بەنرخی ستراتیژییە لە باشووری رۆژئاوای دۆنێتسک.

کیێڤ ئەو بانگەشەیەی رەتکردەوە، لە هەمانکاتدا دان بەوەدا دەنێت کە شەڕەکانی ئەو ناوچەیە سەختن.

ڤۆڵۆدیمێر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لەو بارەیەوە رایگەیاند، هەوڵی بەردەوام هەیە بۆ شکاندنی بەرگریمان، گوتیشی "دوژمن هێرشەکانی چڕ کردووتەوە".

هاوکارییە سەربازییەکان

هەفتەی ڕابردوو وڵاتانی رۆژئاوایی لەنێویاندا ئەمەریکا و ئەڵمانیا رەزامەندییان دەربڕی لەسەر رادەستکردنی تانکی جەنگی قورس بۆ ئۆکرانیا.

ئەم هەنگاوەی هاوپەیمانەکانی ئۆکرانیا، هاوکارییە سەربازییەکانی خستە قۆناغێكی دیکەوە، کە وایکردووە مەترسی بەرفراوانبوونی کاردانەوەی رووسیا دەکرێت.

هەرچەندە تا ئێستا ئۆکرانیا بە فەرمی داوای فڕۆکەی شەڕکەری نەکردووە، بەڵام بە گوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی فرانس پرێس، سەرکردەکانی ئەوروپا بیرۆکەکەیان بەلاوە خراپ نییە.

لەلای خۆیەوە، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا سەبارەت بە پێدانی فڕۆکەی جەنگی بە ئۆکرانیا رایگەیاند، هێشتا هیچ بڕیارێک نەدراوە.

ماکرۆن ئەوەی خستەڕوو، هاوکارییە سەربازییەکانیان بۆ ئۆکرانیا، ئامانج لێیان ئاڵۆزڵکردنی دۆخەکە نییە و بۆ ئەوەش نین ببنە هەڕەشە بۆ سەر خاکی رووسیا بەڵکۆ تەنیا بۆ بەرگریکردن لە خاکی ئۆکرانیا.