شاندێکی پارتی لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری کۆدەبێتەوە

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ شاندێکی پارتی بە جیا لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری کۆدەبێتەوە.

عومەر بەکر، بەرپرسی پەیوەندییەکانی بەشی رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند، ئەمڕۆ شاندێکی پارتی بە جیا لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری کۆدەبێتەوە.

گوتیشی: "شاندەکە کاتژمێر 11ی پێشنوەڕۆ لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامی کۆدەبێتەوە و دوای نیوەڕۆش لەگەڵ کۆمەڵی دادگەری کۆدەبێتەوە.

عومەر بەکر راشیگەیاند، ئامانجی سەردانەکەی شاندی پارتی بۆ گفتوگۆکردنە لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و کۆدەنگی لایەنەکان لەبارەی کاراکردنەوەی کۆمسیۆن و هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن.

ئەمە لە کاتێکدایە 28ی ئەم مانگە شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی لەگەڵ شاندێکی یەکێتی کۆبوونەوە، لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاند، بارودۆخی گشتی و هاوکێشە ناوخۆیی و ناوچەییەکان و راوسەرنج و تێبینی هەردوولا لەسەر بابەتە جیاجیاکانی پەیوەست بە رێککەوتنی پێشووتری هەردوولا خرانەڕوو. هەردوولا رێککەوتن لەدەرفەتێکی نزیکدا کۆبوونەوەی دیکەی هەردووشاند ئەنجامبدرێت.