گۆڕان داوا لە مەلا بەختیار دەکات بەڵگەکان بخاتەڕوو

بزووتنەوەی گۆڕان سکاڵای یاسایی لەسەر مەلا بەختیار تۆمارکرد

K24 - هەولێر

تیمی پارێزەرانی بزووتنەوەی گۆڕان داوای یاساییان لەسەر مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتی تۆمار کرد، بە تۆمەتی تۆمەتبارکردنی بزووتنەوەی گۆڕان بە هەبوونی پشکی لە داهاتی گومرگ و خاڵە سنوورییەکان.

فەرمان حەسەن، ئەندامی ژووری یاسایی بزووتنەوە گۆڕان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "دەمانەوێت مەلا بەختیار لە دادگا بەڵگەکانی بخاتەڕوو لە بەرامبەر تۆمەتباکردنی بزووتنەوەی گۆڕان و سکاڵاکەش وەک بەشێک لە مافی خەڵک دەزانین". 

گوتیشی: "مەلا بەختیار گوتویەتی، بزووتنەوەی گۆڕان پشکی هەیە لە داهاتی خاڵە سنوورییەکان، بەڵام بەڵگەی نەبوو بۆ قسەکانی، بۆیە ئەمڕۆ سکاڵای یاساییمان لەسەر مەلا بەختیار تۆمارکرد، چونکە ئەو بابەتە پەیوەندی بە مافی خەڵکەوە هەیە".

فەرمان حەسەن، راشیگەیاند: "ئەگەر مەلا بەختیار بەڵگەی هەیە با بێت لە دادگا بیسەلمێنێت، کە بزووتنەوەی گۆڕان هیچ جۆرە بەشدارییەکی هەیە لە بابەتی قاچاغ لە دەروازە سنوورییەکان".