كوردستان24 ورده‌كاری كۆبوونه‌وه‌ی شاندی پارتی له‌گه‌ڵ یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵ ئاشكراده‌كات
K24 – هه‌ولێر:
دوای سه‌ردانی شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌جیا بۆ لای یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان و كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی كوردستان، جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له‌مساڵدا ده‌كرێته‌وه.
بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، شانده‌كه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان له كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه (31ـی كانوونی دووه‌م/یه‌نایری 2023)، لەگەڵ هه‌ریه‌كه له لایه‌نه‌كانی یەکگرتوو و کۆمەڵ، لەسەر چه‌ند خاڵێك گه‌یشتوونه‌ته لێکتێگەیشتنی هاوبەش.
یه‌كێك له‌و خاڵانه‌ی كه پارتی، یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵ له‌باره‌یه‌وه هاوڕابوون و جه‌ختیان له‌سه‌ر كردووه‌ته‌وه، ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه له‌مساڵدا و به‌هیچ جۆرێك په‌نا بۆ درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی یاسایی په‌رله‌مان نه‌برێته‌وه.
سه‌باره‌ت به كاراكردنه‌وه‌ی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی، پارتی له‌گه‌ڵ یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵ، گه‌یشتوونه‌ته لێكتێگیشتنی هاوبه‌ش بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن بە پێکهاتەی ئێستا و گۆڕانکاری لە پێکهاتەی كۆمیسیۆنیشدا بکەوێتە ئەستۆی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان.
هه‌ر به‌پێی زانیارییه‌كانی كوردستان24 كه له سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له كۆبوونه‌وه‌كانی شانده‌كه‌ی پارتی له‌گه‌ڵ یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵ وه‌ریگرتووه، باس له ئەنجامدانی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن بە تۆمارێکی پاکی دەنگدەران كراوه و ئه‌و سێ لایه‌نه رێككه‌وتوون له‌وباره‌یه‌وه، كه هیچ لایه‌نێكیان لارییان نییه له‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌رانی كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق له هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌كاربهێندرێت.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، پرسی كورسی پێکهاتەکان به‌شێكی دیكه‌ی گفتوگۆكانی نێوان شانده‌كه‌ی پارتی بوو له سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ لای یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵ و هه‌ڵوێستی پارتی له‌وباره‌یه‌وه ئه‌وه‌بووه، كه ئه‌و پرسه بۆ خودی پێکهاتەکان جێبهێڵدرێت و خۆیان لەگەڵ نەتەوەیەکگرتووەکان گفتوگۆبکەن لەسەرئەوەی ببنە فرە بازنە، یاخود بە یەک بازنەیی بمێننەوە، یاخود لیستی دەنگدەرانی تایبەت بە خۆیان هەبێت.
له‌به‌رامبه‌ردا لایه‌نه‌كانی دیكه، چه‌ند میكانیزمێكی دیكه‌یان بۆ هه‌ڵبژاردنی كورسی كۆتای پێكهاته‌كان خستووه‌ته‌ڕوو، له‌وانه‌ش دابه‌شكردنی كورسی پێكهاته‌كان به‌سه‌ر بازنه‌ی هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكان و جیاكردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌رانی پێكهاته‌كان بۆ ئه‌وه‌ی ته‌نها ده‌نگده‌رانی ئه‌و پێكهاتانه نوێنه‌رانی خۆیان هه‌ڵبژێرن، ئه‌مه‌ش له لێدوانی عه‌بدولستار مه‌جید، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی سیاسی كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی كوردستان بۆ ده‌زگاكانی راگه‌یاندن دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ پارتی ئاماژه‌ی پێكرا.
هه‌روه‌ها 28ـی ئەم مانگە پارتی له سلێمانی سه‌ردانی یه‌كێتی كرد و لە راگەیەندراوێکی هاوبەشی دوای كۆبوونه‌وه‌ی نێوانیان رایانگەیاند، بارودۆخی گشتی، هاوکێشە ناوخۆیی و ناوچەییەکان، راوسەرنج و تێبینی هەردوولا لەسەر بابەتە جیاجیاکانی پەیوەست بە رێککەوتنی پێشووتری نێوانیان خرانەڕوو.
سه‌باره‌ت به كۆبوونه‌وه‌ی دووه‌می نێوان پارتی و یه‌كێتی، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه (31ـی كانوونی دووه‌م/یه‌نایری 2023)، مه‌حموود محه‌ممه‌د، گوته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان به كوردستان24ـی راگه‌یاند، وابڕیاره شه‌ممه‌ی داهاتوو پارتی و یه‌كێتی جارێكی دیكه كۆببنه‌وه و چاوه‌ڕێش ده‌كرێت ئه‌مجاره له هه‌ولێر شاندی هه‌ردوولا كۆببنه‌وه.