پرۆسه‌ی گه‌ڕان به‌دوای منداڵه ونبووه‌كه‌ی هه‌ولێر به‌رده‌وامه و باوكی منداڵه‌كه‌ش له كوردستان24ـه‌وه په‌یامێك ده‌گه‌یه‌نێت

K24 – هه‌ولێر:
ماوه‌ی هه‌شت رۆژه منداڵێكی ته‌مه‌ن 13 ساڵان له گه‌ڕه‌كی قه‌ره‌بووی سنووری ناحیه‌ی كه‌سنه‌زانی شاری هه‌ولێر له‌ماڵ ده‌چێته ده‌ره‌وه و تائێستا بێ سه‌روشوێنه.
له به‌رنامه‌ی باسی رۆژی كوردستان24ـدا، ژینۆ محه‌ممه‌د میوانداری (ئه‌حمه‌د سه‌عدوڵڵا) باوكی منداڵه ونبووه‌كه كرد و له‌گه‌ڵ سه‌ركه‌وت كاڕه‌ش، گوته‌بێژی به‌رگری شارستانی هه‌ولێر، گفتوگۆیان له‌باره‌ی دوایین هه‌وڵه‌كانی گه‌ڕان به‌دوای (ئه‌یوب)ـی 13 ساڵانه‌وه كرد.
باوكی منداڵه چیرۆكی له‌ماڵ ده‌رچوونی ئه‌یوبی كوڕی گێڕایه‌وه كاتێك كاتژمێر یه‌كی دوای نیوه‌ڕۆی رۆژی سێشه‌ممه (24ـی كانوونی دووه‌م/یه‌نایری 2023) به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی ده‌چێته دره‌وه و روونیكرده‌وه، هه‌میشه بۆ یاریكردن ده‌چووه ده‌ره‌وه به‌ڵام ده‌گه‌ڕایه‌وه و ئه‌مه یه‌كه‌مینجاره به‌مشێوه‌یه ونببێت.
له‌باره‌ی پرۆسه‌ی گه‌ڕان به‌دوای ئه‌یوبدا، ئه‌حمه‌د سه‌عدوڵڵا گوتی، كاتێك بووه ده‌مه‌و ئێواره‌ی ئه‌و رۆژه كه ئه‌یوب هه‌ر نه‌گه‌ڕایه‌وه بۆ ماڵه‌وه، هه‌موو دراوسێ و خزم و كه‌سه‌كانی ئاگاداركردووه‌ته‌وه به‌ڵام هیچ سۆراغێكی ده‌ستنه‌كه‌وتووه، بۆیه دواتر هانای بۆ پۆلیس و ئاسایشی ناوچه‌كه‌ی بردووه و ئه‌وانیش هه‌رزوو به‌ده‌م داواكارییه‌كه‌یه‌وه هاتوون و له‌وكاته‌وه تائێستا له پرۆسه‌ی گه‌ڕان به‌رده‌وامن.
باوكی ئه‌و منداڵه ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، له كامێراكانی چاودێری منداڵه‌كه‌ی بینراوه كه تا شه‌قامی 150 مه‌تری هه‌ولێر ده‌ڕوات و له شوێنێكیشدا له‌گه‌ڵ پیاوێك قسه‌ی كردووه، به‌ڵام دواتر له كامێراكانی چاودێری ونده‌بێت و هیچ سه‌ره‌داوێكش نه‌دۆزراوه‌ته‌وه بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و منداڵه.
له په‌یامێكیشدا، باوكی ئه‌و منداڵه ونبووه له‌ڕێگه‌ی كوردستان24ـه‌وه داوای له سه‌رۆك بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی و مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد له نزیكه‌وه بیبنن و هاوكاری بكه‌ن له دۆزینه‌وه‌ی منداڵه‌كه‌ی كه ده‌بێته دڵنه‌وایی بۆ ئه‌و، هه‌روه‌ها سوپاسی سه‌رۆكی حكومه‌تی كرد كه راسته‌وخۆ هاتووه‌ته سه‌ر هێل و پارێزگاری هه‌ولێر و سه‌رجه‌م لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی راسپاردووه هه‌رچی پێویست بێت بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌یوب ئه‌نجامی بده‌ن.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه، سه‌ركه‌وت كاڕه‌ش، گوته‌بێژی به‌رگری شارستانی هه‌ولێر له‌میانی به‌شداریكردن له به‌رنامه‌ی باسی رۆژی كوردستان24ـدا جه‌ختی له‌سه‌ر به‌رده‌وامی پرۆسه‌ی گه‌ڕان به‌دوای ئه‌و منداڵه ونبووه كرده‌وه و رایگه‌یاند، سه‌رجه‌م داموده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كان پێكه‌وه كارده‌كه‌ن بۆ دۆزینه‌وه‌ی سه‌ره‌داوی دۆزینه‌وه‌ی ئه‌یوب.
گوته‌بێژی به‌رگری شارستانی هه‌ولێر روونیكرده‌وه، پارێزگاری هه‌ولێر راسته‌وخۆ سه‌رپه‌رشتی پرۆسه‌ی گه‌ڕان به‌دوای ئه‌یوب ده‌كات و له‌گه‌ڵ تیمه‌كانی به‌رگری شارستانیدا، هه‌ریه‌كه له پۆلیس، ئاسایش، تیمی K9ـی پێشمه‌رگه و تیمی فڕۆكه‌وانی فریاكه‌وتن كارده‌كه‌ن و تیمه‌كانی شاره‌وانیش له ئاماده‌باشیدان و هه‌ر كاتێك پێویست بێت به ئامێره‌كانیان به‌شداری له پرۆسه‌ی گه‌ڕاندا بكه‌ن.