لەتیف رەشید: مانەوەی ئاوارەکان لە کەمپەکاندا مایەی قبوڵکردن نییە

K24 - هەولێر

لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق، جەختی لە پێویستی بەهێزکردنی هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە دۆسییەی ئاوارەکان لە وڵاتەکەیدا کردەوە و رایگەیاند: مانەوەی ئاوارەکان لە کەمپەکاندا بەو دۆخە نالەبارەی بژێویان مایەی قبوڵکردن نییە .

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، لەمیانی دیدارێکیدا لەگەڵ رێکخەری مرۆیی و جێگری سەرۆکی نوێنەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتوەکان لە عێراق، غولام محەمەد ئیسحاق و شاندێکی یاوەری، کە ئیڤان فایەق وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئامادەی بوو، لەتیف رەشید، باسی لە دۆسیەی ئاوارەکان کردووە لە وڵاتدا، جەختی لە پێویستی بەهێزکردنی هەوڵەکان لەگشت بوارەکاندا لەپێناوی یەکلایی کردنەوەی دۆسییەکەیان و فەراهەمکردنی ژیان و گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان کردەوە، هاوکات جەختیشی لە پێویستی چڕکردنەوەی هەوڵەکان لەم دۆسییە مرۆییە گرنگە و کارکردن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و رێێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەوبارەیەوە، کردەوە.

هەر لە دیدارەکەدا سەرۆککۆماری عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، مانەوەی ئاوارەکان لە کەمپەکاندا بەو دۆخە نالەبارەی بژێویان، مایەی قبوڵکردن نییە و جەختیشیکردەوە لەپێویستی پەلەکردن لە گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان و دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری و ژیانێکی شکۆمەند.

لەتیف رەشید راشیگەیاندووە، سەرۆکایەتی کۆمار گرنگییەکی تاییەت بە دۆسییەی ئاوارەکان دەدات و ئامادەی دەربڕی، بۆ هەر پشتیوانییەکە کە پێویست بکات بۆ کۆتایهێنان بە دۆسیەکانیان تاوەکو بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.