محەممەد شیاع سوودانی: رۆژانە ملیۆنان دۆلار بە قاچاخ دەبرێتە دەرەوەی وڵات

سوودانی: رۆژانە بە 300 ملیۆن دۆلار چیمان هاوردە کردووە؟
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق

K24 - هەولێر:

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاشکرایکرد، رۆژانە ملیۆنان دۆلار بە قاچاخ و بە پسوڵەی ساختە دەبرێنە دەرەوەی عێراق.

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە هەڤپەڤینێکیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی عێراق رایگەیاند، بابەتی بردنە دەرەوەی دۆلار بە قاچاخ کاتێک ئاشکرابوو کە هەمووان پابەند بوون بەوەی مامەڵە داراییەکان لە رێگەی پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنی SWIFTـەوە ئەنجام بدەن، پلاتفۆڕمەکەش رێگە بە بانکی ناوەندی ئەمەریکا دەدات چاودێری دۆخەکە بکات.

سوودانی دەڵێت، عێراق بەدەست گەندەڵی درێژخایەنەوە دەناڵێنێت کە ئیدارەی گشتی و تەواوی ئابووری وڵاتەکە تێکدەدات و دراوی ناوخۆیی زیاتر لە 10%ی بەهاکەی لەدەستداوە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی شەپۆلێکی خۆپیشاندانی پچڕپچڕ و ناڕەزایەتی بەرامبەر دابەزینی توانای کڕینی هاووڵاتیان.

رۆژی سێشەممە 31ـی کانوونی دووەم، بەهای 100 دۆلار لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی گەیشتە 169000 دیناری عێراقی، لەکاتێکدا بەهای فەرمی تا ئێستاش بە 147000 دینارە.

سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتیشی "بە پسوڵەی ساختە، پارەکان بە قاچاغ دەچوونە دەرەوە، ئەگەرنا رۆژانە بە 300 ملیۆن دۆلار چیمان هاوردە کردووە؟".

بە گوێرەی رێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی، له‌ ساڵی 2022 عێراق له ‌گه‌نده‌ڵیدا حه‌وته‌مین وڵاتی عه‌ره‌بی بووه‌ له‌سه‌ر ئاستی شه‌فافیه‌تیشدا له‌ كۆی 180 وڵات له‌ ریزبه‌ندی 157ی وڵاتانی جیهاندابووه‌ بووه‌.

سوودانی دووپاتیکردەوە کە حکومەتەکەی "تیمێکی ئەمنی تایبەتمەند"ی بۆ دۆزینەوەی قاچاخچییەکان و دەستبەسەرداگرتنی پارەی قاچاخ رێکخستووە.