مەلا رەعد ئۆمەربلی: بەشێک لەو ئایینانەی لە کوردستان هەن لە شارەکانی دیکەی عێراق قەدەغەکراون

هەفتەی تەبایی لە هەرێمی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر

مامۆستایەکی ئایینی ئیسلام لە هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، بەشێک لەو ئایینانەی لە هەرێمی کوردستان هەن لە شارەکانی دیکەی عێراق قەدەغە کراون.

مەلا رەعد ئۆمەربلی، لەمیانی بەشداریکردنی لە رووماڵی تایبەتی کوردستان24 بۆ هەفتەی تەبایی لە هەرێمی هەرێمی کوردستان گوتی: "هەرێمی کوردستان بووەتە لانکەی پێکەوەژیان لەنێوان ئایین  و پێکهاتەکان، ئەوەش لە باوک و باپیرانمانەوە هەر هەبووە، پێکەوەژیانی ئایینی لە کوردستان ئێستا نییە، بەڵکو لە هەر کۆنەوە هەر هەبووە، هەر لە سەردەمی شێخ عەبدولسەلام بارزانی و مەلا مستەفا بارزانی تا ئێستا کە لەژێر چەتری سەرۆک مەسعود بارزانی ئەو پێکەوەژیانە لە کوردستان پارێزراوە".

گوتیشی: "حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پێشدا ناوی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئیسلامی گۆڕی بۆ وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، بۆ ئەوەی هەموو ئایینەکان خۆی تێدا ببینەوە، هەروەها بەڕێوەبەرایەتی بۆ هەموو ئایینەکان لەناو وەزارەت کراوەتەوە و گرنگی زۆریان پێدراوە".

ئاماژەی بەوەشدا: "بەشێک لەو ئاینانەی لە هەرێمی کوردستان هەن، تائێستا لە شارەکانی دیکەی عێراق قەدەغەن رێگەیان پێنادرێت ئەدای بیروباوەڕی خۆیان بکەن، تەنانەت دەستگیر دەکرێن تا دەگاتە ئەو ئاستەی لە سێدارە بدرێن، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبەرایەتیان بۆ کراوەتەوە".

مەلا رەعد ئۆمەربلی، ئاماژەی بەوەشدا لە وەزارەتی ئەوقاف بەڕێوەبەرایەتییەکی تایبەت هەیە بەناوی پێکەوەژیان، راشیگەیاند: "مامۆستایانی ئایینی رۆڵی بەرچاویان هەیە لە پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان".