ئاکۆ شاوەیس: پارێزگای هەڵەبجە نموونەی پێکەوەژیانە لە هەرێمی کوردستان

ئاکۆ شاوەیس، کەسایەتی کاکەیی
ئاکۆ شاوەیس، کەسایەتی کاکەیی

K24 - هەولێر:

ئاکۆ شاوەیس، کەسایەتی کاکەیی دانیشتووی پارێزگای هەڵەبجە لە هه‌فته‌ی پێكوه‌ژیانی ئایین و پێكهاته‌ جیاوازه‌كانه‌ له‌ جیهان و هه‌رێمی كوردستان، پارێزگای هەڵەبجە وەک نموونەی پێکەوەژیان دەبینێت لە هەرێمی کوردستان.

ئاکۆ شاوەیس، کەسایەتی کاکەیی لەمیانی بەشداریکردنی لە رووماڵی تایبەتی کوردستان24 بۆ هەفتەی تەبایی لە هەرێمی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی باشدایە، بەتایبەتی لە پارێزگای هەڵەبجە. گوتیشی: لەگەڵ برا موسڵمانەکان پەیوەندییەکی زۆر باشمان هەیە.

ئاماژەی بەوەشدا، پارێزگای هەڵەبجە نموونەی پێکەوەژیانە لە هەرێمی کوردستان.

بە گوتەی ئاکۆ شاوەیس، پێکهاتەی ئایینی کاکەیی لە ساڵی 2015ـەوە چوونەتە پەرلەمانی کوردستان، هەر لەوێشەوە یاسای ژمارە پێنج دەرچووە، کە بڕگەکانی تاڕادەیەک جۆرێک لە پاراستنی بۆ پێکهاتەکان تێدایە، هەروەها بەشێوەیەک پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان دەناسێنێت.

ئەو کەسایەتییە کاکەییە گوتیشی: بوونی تەنیا یاسایەک لە پەرلەمانی کوردستان بۆ پێکهاتەکان بەس نییە، بەڵکو دەبێت پراکتیزە بکرێت و وابکرێت کە لە داهاتوودا هیچ لایەنێک هێرشیان نەکاتە سەر و سووکایەتییان پێنەکرێت، بەجۆرێک نەوەکانی داهاتووی ئەو پێکهاتانە ئایینیانە بتوانن بە ئازادانە لە قوتابخانەکاندا ئایینی خۆیان هەڵبژێرن و ئازادبن، لەوەی ئایینی زۆرینە بخوێنن یان نا.

ئاکۆ شاوەیس ئەوەی خستەڕوو، کە پێویستە دادگایەکی تایبەت بە پێکهاتەکان دابمەزرێندرێت، بەمەبەستی راییکردنی مامەڵەی هاوسەرگیری و هەندێک لە مامەڵەکانی دیکە کە بابەتی کەسین، تا ناچار نەکرێن لە دادگای زۆرینە مامەڵەکانیان تەواو بکەن.