تاڵیبان سەری بووکەڵەکان دەبڕێت

.
.

K24 - هەولێر

چەکدارانی تاڵیبان لە ئەفغانسان سەری ئەو بووکەڵانە دەبڕن، کە لە بەردەم دوکانەکان بۆ نمایشکردنی جل و بەرگ دانراون و بەشێکشیان بە پەڕۆ دادەپۆشن.

لە مانگی ئابی 2021 کە تاڵیبان ئەفغانستانی گرتەوە دەست، تائێستا چەند بڕیارێکیان دژی چوونە دەرەوە و جل و بەرگی ژنان دەرکردووە، بە گوتەی رێکخراوەکانی بواری ژنان، مافی ژنان لەو وڵاتە بە بەردەوامی پێشێل دەکرێت.

لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا تاڵیبان هەوڵیداوە ژنان لەناو کۆمەڵگە پەراوێز بخرێن و  مافی کارکردن و خۆێندنیان لێ زەوت بکرێت، لە ئێستاشدا دوایین هەنگاوەکانی بۆ لابردن یاخود سەربڕینی بووکەڵەکانە.

بەپێی لێکدانەوەی تاڵیبان بۆ شەریعەتی ئیسلام، پەیکەر و تابلۆ لە شێوەی مرۆڤ قەدەغەیە و بە تاوانی دەزانن.

ئاژانسێکی هەواڵی ئاژانسی خەبەری باختەر بڵاویکردووەتەوە، تاڵیبان فرۆشگەکانی جلوبەرگیان ناچارکردووە "سەری بووکەڵەی مێینە لاببەن".

دەسەڵاتدارانی تاڵیبان رایانگەیاندووە "سەیرکردنی سەری ئەم بووکەڵانە بە تاوان هەژمار دەکرێت".

.
.