تورکیا لە ساڵی 2022دا گەورەترین کڕیاری زێڕ بووە لە جیهاندا

تورکیا لە ساڵی 2022دا گەورەترین کڕیاری زێڕ بووە لە جیهاندا
تورکیا لە ساڵی 2022دا گەورەترین کڕیاری زێڕ بووە لە جیهاندا

K24 - هه‌ولێر:

تورکیا لە ساڵی رابردوودا گەورەترین کڕیاری زێڕ بووە لەنێو بانکە ناوەندییەکان و هاووڵاتیانی تورکیاش بە مەبەستی خۆپاراستن لە نادڵنیایی جیۆپۆڵەتیکی و بەرزی رێژەی هەڵاوسان روویان لە کڕینی کانزا زەردەکە کردووە.

ئەنجوومەنی زێڕی جیهانی لە راپۆرتێکدا ئاشکرایکرد، یەدەگی زێڕی بانکی ناوەندی تورکیا گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی لە مێژوودا و ئێستا خاوەنی 542 تۆن زێڕە کە ساڵی رابردوو  148 تۆن زیادیکردووە.

ئامارەکان ئاماژە بەوە دەدەن، لە تورکیا خواست لەسەر کڕینی زێڕ  لە چارەکی کۆتایی ساڵی 2022 لەسەر ئاستی ساڵانە بە رێژەی 32% زیادیکردووە،  ئەنجوومەنی جیهانی زێڕ رایگەیاندووە: سەرەڕای بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لە ناوخۆی تورکیادا بەڵام بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان هۆکار بوو بۆ ئەوەی هاووڵاتیانیش خواستیان لەسەر کڕینی زێر زیاد بکات ،بەو پێیەی هەڵاوسان لە تورکیا لە ساڵی ڕابردوودا بۆ 85% بەرزبووەوە،  ئەمەش بەهۆی تێکەڵەیەک لە سیاسەتی دراوی ناتەقلیدی کە سەرەڕای بەرزبوونەوەی نرخەکان ڕێژەی سوودی کەمکردەوە و بەهۆیەوە بەهای لیرەی تورکی لە ماوەی  ساڵی ڕابردوودا نزیکەی 30% بەهاکەی لەدەستدا.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا هەفتەی رابردوو رایگەیاندبوو، تورکیا لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا خواستەکانی بەرهەمهێنانی زێڕی بەرزکردووەتەوە، ئەمەش تێکڕای خواستی تێپەڕاندووە کە ساڵانە 35 تۆنە.

ئاژانسی ئاماری تورکیاش رایگەیاندووە ، هاوردەکردنی کانزا و بەردی بەنرخ بۆ تورکیا لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردودا بە بەراورد بە ساڵی پێشوو نزیکەی 600% زیادیکردووە.

 

ئارام کاکەخان / ئابووری