وادەی تەواوبوونی پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی دیار نییە

kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

بەهۆى دابین نەکردنى بودجەى پێویست بۆ پڕۆژەى شەقامى 100 مەترى سلێمانى، کە ناسراوە بە "ئۆتۆبانى بابان" کارەکانى پڕۆژەکە زۆر بە سستى بەڕێوەدەچێت، هاتنى وەرزى زستانیش هێندەى دیکە کارەکانى سست کردووە، بۆیە پێناچێت بەمزووانە پڕۆژەکە تەواو بکرێت.

بەکر تەیب، بەڕێوەبەرى پڕۆژەى شەقامى 100 مەترى بە کوردستان24ی راگەیاند: "حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند کارێکی کردووە بۆ دابینکردنی نەختینە بۆ کۆمپانیای قەیوان، دوای وەرگرتنی نەختینە لەلایەن کۆمپانیاکە کارەکانی پڕۆژەکە بە خێرایی دەستپێدەکەنەوە".

شارەوانى سلێمانى بۆ دابینکردنى پارەى پڕۆژەکە    بڕیاریداوە چەند زەویەکى گرانبەهای سلێمانى بفرۆشێت، بەڵام تائێستا ئەوەش چارەى دەردى بێ پارەیی بۆ پڕۆژەکە نەکردووە. ئەنجومەنى پارێزگاش بەدواداچوونى کردووەو هەمان وەڵام بە ئەوانیش دراوەتەوە کە لە بانکەکانى سلێمانىدا پارەى پێویست بۆ پڕۆژەکە نییە.

زیاد رەزا، ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى بە کوردستان24ی گوت: "ئەم پڕۆژەیە بە سستى ئیشى تێدا بکرێت بە دڵنیاییەوە کات تەواو دەبێت و کۆمپانیاکەش ناتوانێت لەکاتی دیاریکراودا کارەکەی خۆى جێبەجێ بکات. سستى و ئیش تێدا نەکردنى ئەو پڕۆژەیە تەنها مەسەلەکە پارەو بودجەیە کە پارەو بودجە نەبێت کۆمپانیاکەش بە دڵنیایی ناتوانێت ئیش و کارەکانى بکات".

بە پێى ئەو وادەیەى بۆ تەواو کردنى قۆناخى یەکەمى پڕۆژەى شەقامى 100 مەترى سلێمانى دانراوە دەبوو تا مانگى هەشتى ئەمساڵ تەواو ببوایە، بەڵام بەهۆى دابین نەکردنى بودجە بۆ کۆمپانیاى جێبەجێکار لەوە ناچێت تا ناوەڕاستى ساڵى داهاتووش تەواو بکرێت، کۆمپانیاى جێبەجێکار دەبوو تا ئێستا 114 ملیار دینارى وەرگرتبا، بەڵام تەنیا 35 ملیار دینارى وەرگرتووە.