بۆچی حکومەتی هەرێمی کوردستان کار لەسەر هەناردەکردنی سێوی بەرواری دەکات؟

تایبەتمەندییەکانی سێوی بەرواری چین؟
سێوی بەرواری
سێوی بەرواری

K24 - هەولێر:

جگە لە دەستەبەرکردنی بازاڕەکانی ناوخۆ بۆ بەرهەمە کشتوکاڵییە خۆماڵییەکان، لەئێستادا حکومەتی هەرێمی کوردستان کار لەسەر هەناردەکردنی سێوی دەڤەری بەرواری دەکات.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی پشکنینی سێوی بەرواری بەپێی ستانداردی جیهانی، ئاشکرایکرد، سێوی بەرواری ماددەی قڕکەر و کیمیایی تێدا نییە و رێژەی شەکری 14.9ـە کە بە پێوەری نێودەوڵەتی، رێژەی شەکری سێوی سروشتی لەنێوان (10 بۆ 25)ـە، لە شیکاری مایکرۆبایۆلۆجیشدا دەرکەوتووە کە، سێوی دەڤەری بەرواری %100 سروشتییە.

تایبەتمەندییە گرنگەکانی سێوی بەرواری هاوکاربووە لە دۆزینەوەی بازاڕێكی باش بۆی.

دەڤەری بەرواری کە لە 38 گوند پێکدێت خاوەنی بەرهەمێکی نایابی سێوە، کە ئێستا، لە نۆ فرۆشگەی نێودەوڵەتی لە ناوخۆی کوردستان، سێوی بەرواری، دەفرۆشرێت.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک چۆن پێشتر بەڵێنی بەبازاڕکردنی بەرهەمە ناوخۆییەکانی کوردستان دابوو، لە دوای پرۆژەی هەناردەکردنی هەناری کوردستان بۆ وڵاتانی کەنداو، لە ئێستادا کار لەسەر هەناردەکردنی سێوی بەرواری، هەنگوین و ترێی خۆماڵی دەکات.

چاوەڕی دەکرێت، ئەمساڵ لەکاتی پێگەیشتنی سێودا، جگە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، سێوی بەرواری رەوانەی ناوەڕاست و خوارووی عێراق و ولاتانی کەنداو بکرێت.

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، جیاواز لە کابینەکانی پێش خۆی، لە سەرەتای پێکهێنانینەوە، کاری لەسەر بونیاتنانی ژێرخان و پتەوکردنی، پێگەی هەرێمی کوردستان کردووە.

یەكێكیش لە ستراتیژە ئابوورییەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەرزكردنەوەی رێژەی هەناردە و ئاڵوگۆڕی بازرگانی بووە، بۆ ئەو مەبەستەش بەردوام گرنگی بە كەرتی كشتوكاڵی و پیشەسازی و بازرگانی داوە.