لەبارەی دابەشکردنی نەوتی سپی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان روونکردنەوە دەدات

K24 – هەولێر
سەبارەت بەو بڕە نەوتەی لە لایەن حکومەتی عێراقەوە رەوانەی هەرێمی کوردستان کراوە، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، لە 1ی شوباتی 2023ـەوە دەستکراوە بە دابەشکردنی بڕی 100 لیتر نەوتی سپی بۆ هەر خێزانێكی هەژارو كەم دەرامەت.
لە روونکردنەوەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان هاتووە: "پاش گەیشتنی 60 تەنكەر بەبڕی 2 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بەبێ بەرامبەر لەلایەن حكومەتی عێراقی فیدراڵەوە، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان 20 تەنكەری رەوانەی كۆگاكانی نەوت و كانزاكانی پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سۆران و 30 تەنكەری رەوانەی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی گەرمیان و راپەرین و 10 تەنكەر بۆ پارێزگای دهۆك و ئیدارەی زاخۆ كرا بەپێی لیستی ئامادەكراو بۆ خێزانە هەژار و كەم دەرامەتەكان كە لە رێگەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكان رەوانە كراوە".
پێشتر وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حكومهتی ههرێمی كوردستان لە 25ـی كانوونی دووهم/ یهنایهری 2023، رایگەیاندبوو، 60 تەنكەر نهوت کە دەکاتە دوو ملیۆن لیتر نەوتی سپی، رهوانهی ههرێمی كوردستان دهكرێت، بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان بێبەرامبەر بەسەر هاووڵاتییان دابەشدەكرێت.
دەقی روونکردنەوەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان:
پاش گەیشتنی 60 تەنكەر بەبڕی 2 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بەبێ بەرامبەر لەلایەن حكومەتی عێراقی فیدراڵەوە ؛ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان 20 تەنكەری رەوانەی كۆگاكانی نەوت و كانزاكانی پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سۆران و 30 تەنكەری رەوانەی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی گەرمیان و راپەرین و 10 تەنكەر بۆ پارێزگای دهۆك و ئیدارەی زاخۆ كرا بەپێی لیستی ئامادەكراو بۆ خێزانە هەژار و كەم دەرامەتەكان كە لە رێگەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكان رەوانە كراوە و، لە رێكەوتی 1ی شوباتی 2023 بە بڕی 100 لیتر نەوتی سپی بۆ هەر خێزانێكی هەژارو كەم دەرامەت دەست كراوە بەدابەشكردنی.
وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان
2ی شوباتی 2023