لاڤرۆڤ: ئه‌گه‌ر ئاشتیت ده‌وێ ئاماده‌به‌ بۆ شه‌ڕ

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا

K24 - هه‌ولێر:

وەزیری دەرەوەی رووسیا رایده‌گه‌یه‌نێت، تاکو چەکی زیاتر دوور مەودا بە ئۆکرانیا بدرێت، رووسیا زیاتر دێتە پێشەوە و پاشەکشە بە سوپای ئۆکرانیا دەکات.

سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵێکی وڵاتەکەی رایگه‌یاند، ئێمە ئاشتیمان دەوێت، هەر کەسیش ئاشتی بوێت، دەبێت ئامادەبێت بۆئەوەی بەرگری لە خۆی بکات.

سێرگی لاڤرۆڤ هه‌روه‌ها گوتی: "ئێمە دەمانەوێت پاشەکشە بە سوپای ئۆکرانیا بکەین بۆ شوێنێک نەبنە هەڕەشە بۆسەر خاکی وڵاتەکەمان".

گوتیشی: "تاکو چەکی دوور مەودای زیاتر بده‌ن بە ئۆکرانیا، ئێمە زیاتر پاڵبە سوپای ئۆکرانیاوە دەنێین و پاشەکشەیان پێدەکەین و دووریدەخەینەوە لەو ناوچانەی بەشێکن لە وڵاتەکەمان".

لاڤرۆڤ ده‌شڵێت: "ئەمه‌ریکا هیچ سەروەرییەکی بۆ ئەوروپا نەهێشتووەتەوە و دیموکراسی ئەوروپا پێیانوایە دەبێ بەوشێوەی بێت کە خۆیان دەیانەوێت، ئەگەرنا ئەوان دەسەڵاتی سەرکوتکارن".

دووپاتیكرده‌وه‌، كه‌ رووسیا ده‌یه‌وێت زووتر ئۆپەراسیۆنە سەربازیی له‌ ئۆكرانیا کۆتایی بێت، بەڵام ئەو کاتەی ئامانجەکانمان بەدیبێن و گوتی: "ئێمە ئاشتیمان دەوێت قسەیەک هەیە دەڵێ، ئەگەر ئاشتیت دەوێ ئامادەبە بۆ شەڕ، بەڵام من دەڵێم ئەگەر ئاشتیت دەوێت ئامادەبە بۆ بەرگریکردن."