كوردستان24 زانیاری نوێ له‌باره‌ی كوژرانی پێنج هاووڵاتییه‌كه‌ی دهۆك بڵاوده‌كاته‌وه‌

كوردستان24 زانیاری نوێ له‌باره‌ی كوژرانی پێنج هاووڵاتییه‌كه‌ی دهۆك بڵاوده‌كاته‌وه‌
كوردستان24 زانیاری نوێ له‌باره‌ی كوژرانی پێنج هاووڵاتییه‌كه‌ی دهۆك بڵاوده‌كاته‌وه‌

K24 - دهۆك:

لەسەر دۆسیه‌ی کوژرانی پێنج هاووڵاتییەکەی دهۆک، سێ کەس لە دهۆک دەستگیرکراون و کوردستان24 زانیاری نوێ لەسەر رووداوەکە بڵاودەکاتەوە.

سەرچاوەیه‌كی ئەمنی لە شاری دهۆک کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە کوردستان24ی راگەیاند، دوای ئەنجامدانی تاوانەکە، سێ کەسیان کە هەر هەموویان خەڵکی باکووری کوردستانن و دانیشتوی شاری دهۆک بوون لەسەر کەیسەکە دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت

بەپێی سەرچاوەکەی کوردستان24، سێ کەسەکە خزمی نزیکی  تاوانبارە سەرەکییەکەن، کە یەکێکیان ئاوەڵزاوا و یەکێکیتر کورە خەزوری و ئەویتریشیان خزمێکیانە و پێش ئەنجامدانی تاوانەکە لەگەڵ تاوانبارە سەرەکییەکە لە یەک خانوو له‌ شاری دهۆک ژیاون.

ئەوەشی ئاشکراکرد، سێ تۆمەتبارەکە لەژێر لێکۆڵینەوە دەمێنن تاكو دادگای تورکیا بڕیاری کوتایی لەسەر ئەنجامدەرانی رووداوەکە دەدات و هەرکاتێک بێ تاوانبونیان سەلمێنرا، ئەوکات  ئازاد دەکرێن.

لە 19ی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، پێنج هاووڵاتی دهۆک کە بەمەبەستی چارەسەری پزیشکی روویان لە باکووری کوردستان و تورکیا کردبوو، لەنزیک شاری نسێبین دەکەونە بۆسەی چەند چەکدارێکەوە و هەرپێنجیان کە زۆربەیان کەسانی بە تەمەن بوون، کۆمەڵکۆژ دەکرێن.

دوای رووداوەکە بە چەند کاتژمێرێک پۆلیسی دەوڵەتی تورکیا چەند تۆمەتبارێکیان دەستگیرکرد، کە لە نێویاندا دوو تاوانباری سەرەکی هەبوون و دواتر لەبەردەم دادگا دانیان بە تاوانەکەیان دا نابوو.