سوودانی: پابه‌ندبوون به رێكاره نوێیه‌كانی بانكی ناوه‌ندی ده‌بێته بنه‌مای هاوكاریكردنی بازرگانان و بانكه‌كان

K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق سه‌رۆكایه‌تی دووه‌م كۆبوونه‌وه‌ی كرد له‌گه‌ڵ یه‌كێتی ژووره بازرگانییه‌كان و بانكه‌كان، ده‌سته‌كانی باج، گومرك، ده‌روازه سنوورییه‌كان و بانكی ناوه‌ندی عێراق.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ له‌باره‌ی دۆخی ئابووری وڵات به‌هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌های دۆلار و كاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر بازاڕ كراوه، هه‌روه‌ها پێداچوونه‌وه‌یان به سه‌رجه‌م ئه‌و بڕیار و رێكارانه كردووه كه له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه گیراوه‌ته‌به‌ر بۆ رێگریكردن له دابه‌زینی به‌های دینار.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه، سوودانی جه‌ختی له‌سه‌ر پرۆسه‌ی چاكسازی ئابووری كابینه‌كه‌ی كرده‌وه و رایگه‌یاندووه، هاوكاری هه‌موو ئه‌و بازرگان و بانكانه ده‌كه‌ن كه له‌گه‌ڵ رێكاره نوێیه‌كانی بانكی ناوه‌ندی و بنه‌ما نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی سیستمی بانكی مامه‌ڵه‌ده‌كه‌ن، كه بووه‌ته هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی بردنه ده‌ره‌وه‌ی دۆلار و رێگریكردن له ساخته‌كردنی پسووله‌كان.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، سوودانی له‌گه‌ڵ به‌رپرسه باڵا ئه‌منییه‌كان كۆبوونه‌وه‌یه‌كی سه‌باره‌ت به رێگریكردن له بردنه ده‌ره‌وه‌ی دۆلار و گرتنه‌به‌ری رێكاری توند به‌رامبه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی یاری به نرخی دۆلاره‌وه ده‌كه‌ن، ئه‌نجامدا.