دژی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار لە بەغدا خۆپیشاندان دەکرێت

ئەرشیف
ئەرشیف

K24 – بەغدا

بڕیارە ئەمڕۆ دژی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی لە بەغدا خۆپیشاندان بەڕێوەبچێت.

شڤان جەباری پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ کۆمەڵێک چالاکوان و هاووڵاتییانی بەغدا، دژی دابەزینی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمەریکی لە بەغدا خۆپیشاندان بکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، چالاکوانان لە چەند بانگەوازێکدا داوایان لە هاووڵاتییان کردووە، بەشداری لەو خۆپیشاندانە بکەن، بەگوتەی خۆیان خۆپیشاندانێکی گەورە لەبەردەم بانکی ناوەندیی عێراق رێکدەخەن و داوا دەکەن بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلار بەرزببێتەوە.

پەیامنێرمان راشیگەیاند، بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک و شتومەک لە بازاڕەکانی عێراق، توڕەیی شەقامی لێکەوتووەتەوە و خەڵکی ترسی ئەوەیان هەیە عێراق هاوشێوەی لوبنان تووشی داڕمانی ئابووری ببێتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێرمان، ئەمڕۆ دوو خۆپیشاندانی دیکە لە بەغدا بەڕێوەدەچن، یەکێک لە خۆپیشاندانەکان دژی کابینەی حکومەتی محەممەد شیاع سوودانییە کە 100 رۆژ بەسەر پێکهێنانی کابینەکەیدا تێدەپەرێت.